رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی بە گرنگییەوە کار بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و شکۆمەندانە بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان دەکات.
ئالبرێشت فۆن ڤیتکه، کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر ئاماژەی بەوە دا، ئەوان بە چالاکانە پاڵپشتیی هەردوو دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ رەخساندنی هەلومەرجی گونجاو، هەروەها پاڵپشتیی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان و کەرتی تەندروستی دەکەین.
فۆن ڤیتکه جەختی لەوە کردەوە، ئەڵمانیا ناتوانێت ئەمن و ئاسایش و هەلومەرجی ئابووری دابین بکات، بەڵام بەردەوام لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ پاڵپشتیی گەڕانەوەی ئێزدییەکان.
ڤیتکە ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی بەردەوام کار لەسەر زیندوو هێشتنەوەی پرسی ئێزدییەکان دەکات و هەوڵ دەدات بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ژیانێکی شایستە بۆ گەڕاوەکان دابین بکات.
دەقی لێدوانی ئالبرێشت فۆن ڤيتكه، كۆنسووڵى گشتیی ئهڵمانيا لە هەرێمی کوردستان بۆ رووداو:
ئەڵمانیا بەگرنگییەوە بیر لەوە دەکاتەوە ژینگەیەکی وا بۆ ئێزدییەکان دروست بکرێت تاوەکو بە سەلامەتی و شکۆمەندانەوە بگەڕێنەوە زێدی رەسەنی خۆیان. ئێمە زۆر چالاکانە کارمان لەسەر کردووە و پاڵپشتیی لە هەردوو دەسەڵاتدارانی نێوخۆیی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراقمان کردووە بۆ رەخساندنی ئەو هەلومەرجە، پاڵپشتیی ئەوەشمان کردووە پڕۆژەگەڵێک هەبن بۆ ئاوەدانکردنەوەی ماڵەکان و دابینکردنی ئاو و پێداویستییە سەرەتاییەکان و کەرتی تەندروستی. تاوەکو هەڵومەرجەکان بۆگەڕانەوەی خەڵک لەباربن، ئەوەش دەڵێم کە ئەڵمانیا ناتوانێت ئەمن و ئاسایش و هەلومەرجە ئابوورییەکان دابین بکات. بەڵام ئێمە زۆر بەگرنگییەوە لە کێشەکە دەڕوانین بە زیندوویی دەیهێڵینەوە و پێکەوەش لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کار دەکەین بۆ پاڵپشتیی گەڕاندنەوەی ئێزدییان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ