کەشناسی: بارانبارین بەردەوام دەبێت و بەفریش لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت

25-03-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەی بارانبارین لە شوێن و کاتی جیادا بەردەوام دەبێت. کەشناسێکیش دەڵێت، پێنجشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت و کەش ئاسایی دەبێتەوە.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ تاوەکو دوای نیوەڕۆ لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان نمەباران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکانیش بەفرێکی کەم دەبارێت؛ هەروەها بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما 2 بۆ 5 پلە دادەبەزێت.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بارانبارین سبەی لە ناوچەکانی بادینانەوە بەشێوەی نمەباران دەستپێدەکاتەوە و دواتر زۆرینەی ناوچەکانی هەولێر و سلێمانی دەگرێتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە، سبەی بەیانی لە سنووری دهۆک تەم دەبێت؛ هەروەها لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ئەمڕۆ دوو بۆ سێ پلەی دیکە پلەی گەرما دادەبەزێت.
 
هەر ئەمڕۆ کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بڕی بارانبارینی کاژێر 09:00ی بەیانیی دوێنێ بۆ هەمان کاتی ئەمڕۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا زۆرترین باران لە قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی باریوە کە 51.8 ملیمەتر بووە.
 
بەگوێرەی کەشناسی، لە 24 کاژێری رابردوودا لە هەولێر 15.6 ملیمەتر، سۆران 32.6 ملیمەتر، سلێمانی 39.4 ملیمەتر، رانیە 24.7 ملیمەتر، کەلار 35.8 ملیمەتر، هەروەها لە هەڵەبجە 25.9 ملیمەتر باریوە و لە دهۆک و زاخۆش هیچ بڕە بارانێک نەباریوە.
 
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شەپۆلی سبەی زیاتر لە پارێزگای دهۆک و هەولێر کاریگەریی دەبێت و لە هەندێک ناوچە کاریگەریی نابێت یان زۆر لاواز دەبێت. گوتیشی، "ئەم شەپۆلە تاوەکو چوارشەممە ناوبەناو بەردەوام دەبێت و رۆژی پێنجشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت و کەشوهەوا سەقامگیر دەبێتەوە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی سێشەممە بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 15 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 13 سیلیزی
دهۆک: 11 سیلیزی
زاخۆ: 10 سیلیزی
هەڵەبجە: 13 سیلیزی
کەرکووک: 18 سیلیزی
سۆران: 9 سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 2 سیلیزی
گەرمیان: 17 سیلیزی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.