کرێی تاکسی و پاس لە مهاباد 40٪ زیادکرا

25-03-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کڕێی تاکسی، پاس و مینی پاس لە نێو شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رێژەی 40٪ زیادکرا.
 
رۆژی سێشەممە، 25ـی ئاداری 2025، شێرکۆ نوورانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی گواستنەوەی سەر بە شارەوانیی مهاباد رایگەیاند، نرخی کرێی تاکسی و پاسەکانی نێو شاری مهاباد، دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی شاری مهاباد و پەسندکردنی لەلایەن قایمقامی شارەکە، زیاد کراوە.
 
شێرکۆ نوورانی گوتی، بەپێی بڕیارە نوێیەکە، کرێی تاکسییەکانی نێو شاری مهاباد لە 7 هەزار تمەنەوە بووەتە 10 هەزار تمەن، هەروەها کرێی تاکسی تەلەفۆنییەکانی نێو شاریش لە 18 هەزار تمەنەوە زیاد کراوە بۆ 25 هەزار تمەن.
 
بە گوتەی بەرپرسەکەی شارەوانیی مهاباد، نرخی کرێی گواستنەوەی تاکسی بۆ زۆربەی گەڕەکە دوورەکانی شارەکە بۆ 30 هەزار تمەن زیادکراوە، هەروەها کرێی تاکسی بۆ هەموو هۆڵەکانی سنووری شاری مهاباد، 40 هەزار تمەن دیاریکراوە.
 
سەبارەت بە نرخی کرێی پاس و مینی پاس لەنێو شاری مهاباد، شێرکۆ نوورانی دەڵێت، کرێی گواستنەوە بە پاس و مینی پاس بۆ شەش هەزار تمەن بەرزکراوەتەوە. جگە لەوەش، کرێی پاسەکانی خانەقا و یوسفکەند 7 هەزار و 500 تمەن و کرێی پاسەکانی دریاز و ئیندرقاش 12 هەزار تمەن دیاریکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە