ئایدن مەعرووف: نێچیرڤان بارزانی و نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی کۆتای پێکهاتەکان

25-04-2024
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراق رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و یونامی بە جیدی لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان بگەڕێننەوە.
 
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ نەهێشتنی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان ستەمە. ئێستا نێچیرڤان بارزانی بە جیدی لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی بە رەزامەندی هەموو لایەک کورسی کۆتاکان بگەڕێتەوە.
 
ئێستا هەوڵەکان لە بەغدا چڕبوونەتەوە. ئایدن مەعرووف گوتی، "نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق – یونامی بە جیدی لەسەر هێڵە و ئەوانیش مەبەستیانە ئەو مافە بە پێکهاتە جیاوازەکان بدرێتەوە."
 
دەنگۆی ئەوە هەیە کە پێشنیازی پێدانی پێنج کورسی بە پێکهاتەکان کرابێت ( 2 تورکمان، 2 کلدان سریان ئاشووری و 1 ئەرمەنی)، مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی بە رووداوی گوت، "هیچ پێشنیازێکیان لەوبارە پێنەگەیشتووە و ئەوەی تائێستا باسکراوە فەرمیی نییە."
 
10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە. 
 
ئەوەی وایکردووە تاوەکو ئێستا گومان هەبێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، بایکۆتی پارتییە کە دەڵێت، "بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت،" ناکەین.
 
بەر لە پارتی، 15 لایەنی کریستیانیش لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
 
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت''، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن.
 
یەکەم جارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێج بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتاکان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە