رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکێکی سلێمانی رووبەڕووبوونەوە لە نێوان تیمەکانی پۆلیس و چەند داواکراوێک روویدا، بەپێی زانیارییەکان، دوو پۆلیس و دوو داواکراو بریندار بوون.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 25-04-2024، تیمەکانی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی چەند داواکراوێک چوونەتە گەڕەکی سلێمانیی تازە، بەڵام داواکراوان خۆیان رادەستنەکردووە و تێکهەڵچوون لە نێوانیان دروستبووە.
بەپێی زانیاریی پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی، داواکراوەکان چەکی بێمۆڵەتیان پێبووە و تەقەیان لە پۆلیس کردووە.
لە رووبەڕووبوونەوەکەدا چوار کەس بریندار بوون کە دوویان پۆلیس و دووشیان داواکراون، هەروەها ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانییەک گولـلەی بەرکەوتووە.
وەک پەیامنێری رووداو دەڵێت، برینی یەکێک لە داواکراوان سەختە و گولـلە بەر سەری کەوتووە. یەکێک لە شایەتحاڵان راگەیاند، "ئەو داواکراوەی گولـلە بەر سەری کەوت کوژرا، خوێنێکی زۆری لەبەر رۆیی و بەشێکی مێشکی هەروا بە زەوییەوە دیارە.''
جگە لە دوو بریندارەکان، سێ کەسی دیکەش دەستگیرکراون. تاوەکو ئێستا ئاسایش و پۆلیسی سلێمانی هیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر چۆنێتی رووداوەکە و هۆکاری داواکرانی ئەو هاونیشتمانییانە بڵاونەکردووەتەوە.
شایەتحاڵێک بە رووداوی گوت، ''بەیانیی ئەمڕۆ تیمەکانی پۆلیس نووسراوی دادوەریان بۆ دەستگیرکردنی داواکراوان هێنا، بەڵام خۆیان رادەست نەکرد، دواتر جارێکی دیکە هاتنەوە و رووبەڕووبوونەوەکە روویداوە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ