رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان رایگەیاند، شەوی رابردوو، کاتێک لە سنووری گەرمیان بۆسەیان بۆ باندێکی قاچاخچێتی چەک و شوێنەوار داناوە، رووبەڕووبوونەوە روویداوە و ئەندامێکیان بە تەقەی قاچاخچییەکان گیانی لەدەستداوە.
لە راگەیێندراوێکدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-4-2024، فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان دەڵێت، "درەنگانی شەوی رابردوو، تیمێكی هێزەكانمان لە ناوچەی ساڵح ئاغا- ناحیەی قۆرەتوو، لە کاژێر 12:38 خولەك بۆسەیەكیان بۆ ئەو باندە دانا، كە بەنیازبوون ژمارەیەك چەك و پارچە شوێنەوار رەوانەی دەرەوەی هەرێم بكەن و لەكاتی تێپەڕینی ئۆتۆمبێلەكانیان رووبەڕووبونەوە روویدا".
دەشڵێت، "بەداخەوە لەو رووبەڕووبونەوەیەدا كوڕێكی ئازا و چاونەترسی كۆماندۆ بەناوی (ئەیوب محەممەد عەلی) شەهید بوو".
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "كوڕانی كۆماندۆ لەو رووبەڕووبونەوەیەدا دەستیان بەسەر چەند پارچە شوێنەوار و دوو ئۆتۆمبێل و ئەو چەكانەشدا گرت، كە باندەكە بەنیازبوون رەوانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی بكەن، هاوكات یەكێك لە تۆمەتباران لە رووبەڕووبونەوەكەدا كوژرا و یەكێكی دیكەیان دەستگیركرا و تۆمەتبارێكی دیكەش هەڵات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ