کوردستان
نوێژخوێنان لە دەرەوەی مزگەوت نوێژە بارانە دەکەن. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
لە فەتوایەکی نوێ‌دا ئه‌نجوومه‌نی باڵای فه‌توا له هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەکاتی سەیراندا نوێژکردن لە دەشت و سەیرانگەکان نابێتە جێگرەوەی نوێژی هەینی.
ئه‌نجوومه‌نی باڵای فه‌توا له هەرێمی کوردستان کە سەر بە یەکێتی زانایانی ئایینییە رایگەیاند: "هاووڵاتییان له رۆژی هەینیدا ده‌چنە گه‌شت و سه‌یران و به‌شداری له رێوڕەسمی نوێژی هەینی ناکه‌ن، یان گرووپێک رێک ده‌که‌ون و له‌و شوێنه‌ی که سه‌یرانه‌که ده‌که‌ن، مه‌راسیمی نوێژی هەینی له‌و ده‌شت و ده‌ره‌دا بۆ خۆیان دەکەن، ئەو نوێژە بەتاڵە".
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا دەڵێت: "هه‌ر که‌سێک له‌دوای نوێژی به‌یانی له شار ده‌رچوو نوێژی هه‌ینی له‌سه‌ر واجب ده‌بێت، که‌واته پێویسته یان سه‌رله‌به‌یانی رۆژی هەینی گەشت نه‌کات و بیخاته پاش نوێژه‌که، یان له رێگه‌دا له مزگه‌وتێک که مۆڵه‌تی فه‌رمی هه‌یه، به‌شداری رێوڕەسمی نوێژی هەینی بکات".
لە بەشێکی دیکەی فەتواکەیدا ئەنجوومەنەکە دەڵێت: "یه‌کێک له مه‌رجه‌کانی نوێژی هه‌ینی، پێویسته له مزگه‌وتێکدا بێت، که له‌ناو ئاوه‌دانی نوێژخوێنه‌کاندا بێت و ره‌زامه‌ندی فه‌رمی هه‌بێت، بۆیه نابێت گرووپێک بۆ خۆیان له‌ده‌شت و نوێژی هەینی بکەن، ئه‌گه‌ر کردیان نوێژه‌که‌یان به‌تاڵە".
لەبارەی هۆکاری دەرکردنی فەتواکە، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "فەتواکە لەبەرئەنجامی پرسیاری هاونیشتمانیان دەرکراوە، کە لە وەرزی بەهاردا و بەتایبەت رۆژانی هەینی بۆ گەشت و سەیران خەڵێکی زۆر روودەکەنە سەیرانگەکان".
ئەنجوومەنی فەتوا لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا داوا دەکات، "چۆن پێویسته موسڵمانان گرنگی به پەرستشەکان دەدەن، ئاواش گرنگی بدرێت به پارێزگاریکردن لە ژینگه‌ی جوانی کوردستان‌مان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ