کوردستان
بەگوێرەى یاسا لە عێراق هەر کەسێک راوى نایاسایی بکات بە 10 ملیۆن دینار پێبژاردن، سزا دەدرێت.
رووداو دیجیتاڵ
گازندەى دانیشتووانی ناوچەیەکی قەزاى مەخموور لەبارەى راوکردنى ئاسکەکانى ئەو ناوچەیە دەگاتە وەزارەتى ژینگەی عێراق، بەگوتەى نوێنەرى دانیشتووانى ناوچەکە ئاسکەکان لە لایەن کەسانێک کە لە نێوەڕاست و باشووری عێراقەوە چوون، راودەکرێن.
ئاسکەکانى سنوورەکە لە بنارى چیاى قەرەچووخ و دەشتى قەراج دەژین، کە ناوچەیەکى بۆشایی ئەمنییە لە نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق.
غازى فەیسەڵ، خەڵکى ئەو سنوورە وەک نوێنەرى گوندنشینانى ناوچەکە سەردانى وەزارەتى ژینگەى عێراقى کردووە بۆ رێگرى لە راوکردنى ئاسکەکان. بە رووداوى گوت: "کەسانێک کە خەڵکى شارەکانى نێوەڕاست و باشوور بوون و ئۆتۆمبێلى تابلۆى ئەو شارانەیان پێبووە، لەو ناوچەیە ئاسک راودەکەن دەکەن، لە کاتێکدا ئێستا وەرزى زاوزێیانە" .
لە دواى رووداوەکانى 16ى ئۆکۆتبەرى 2017 ئەو ناوچەیە لە نێوان هەولێر و نەینەوا بۆشایی ئەمنییە.
غازى فەیسەڵ گوتى: "وەزارەتى ژینگەى عێراق نووسراوى بۆ پارێزگاى نەینەوا کردووە بۆ پاراستنى ئەو ئاسکانە و لەگەڵ دەستەى ژینگەی هەرێمى کوردستانیش گفتوگۆمان کردووە کە هەفتەى داهاتوو رێوشوێن دەگرنەبەر".
بەگوێرەى یاسا لە عێراق هەر کەسێک راوى نایاسایی بکات بە 10 ملیۆن دینار پێبژاردن، سزا دەدرێت.
سینان سوبحى عەلى، بەڕێوەبرى ژینگەى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئاگادارى ئەو کێشەیەین و نووسراومان بۆ حکومەتى خۆجێیی کردووە بۆ ئەوەى ئەوانیش لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان قسە بکەن".
ئەو ئاسکانە لە جۆرى ریم-ن و ژمارەیان لە نێوان 350 بۆ 400 ئاسک دەبێت.
بەگوتەى بەڕێوەبەرى ژینگەى نەینەوا، یەکێک لە چارەسەرەکان بۆ پاراستنى ئەو ئاسکانە، دروستکردنى ناشناڵ پارکە، کە شوێنێکى سرووشتییە بۆ پاراستنى ئاژەڵى کێوى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ