رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی دەڵێت، بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانەوەیە و داوا لە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، "ناکۆکییە سیاسییەکانیان تێپەڕێنن و هەموویان بە رۆحێکی نیشتیمانپەروەرانە و برایانە گرفتەكان چارەسەر بكەن."
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی ئایاری 2023، سەرۆک بارزانی بە بۆنەی 47ـەمین ساڵیادی دەستپێکردنی شۆڕشی گولان پەیامێکی بڵاوکردەوە و وێڕای پیرۆزبایی یادەکە، تیشکی خستە سەر ناکۆکییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، "لەو یادە پیرۆزەدا جەخت لەوە دەكەمەوە كە بەرژەوەندیی كوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی ترە و هیوادارم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بتوانن ناكۆكییە سیاسییەكانیان تێبپەڕێنن و هەموویان بە رۆحێكی نیشتیمانپەروەرانە و برایانە گرفتەكان چارەسەر بكەن."
سەرۆک بارزانی رایگەیاند، "پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و هەموو ئەو قارەمان و پێشمەرگە و تێكۆشەرانە دەكەم كە رۆڵیان لە شۆڕشی گوڵاندا هەبووە. پێزانینم بۆ فیداكاری و خۆڕاگریی گەلی كوردستان هەیە كە لە قۆناغێكی هەستیاردا پاڵپشتی شۆڕشی گوڵان و پێشمەرگە بوون."
سەرۆک بارزانی باس لەوە دەکات، "كردنەوەی ئەو یادە لێرەدا مانای تایبەتی خۆی هەیە، ناوچەی باڵەكایەتی ناوچەیەكی خودان شەهیدە كە لەپێناو شۆڕشدا قوربانییەكی زۆری داوە، هەمیشە لەژێر گوشاری شەڕ و بۆردومانی دوژمن بووە و بە هەزاران پێشمەرگە و ئاوارەی حەواندۆتەوە و قەڵا و سەنگەری سەركردایەتیی شۆڕش بووە. هەروەها ناوچەی باڵەكایەتی لە شۆڕشی گوڵانیشدا خاڵی دەستپێكی شۆڕش و قوربانیدانی گەلی كوردستان بووە. یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵانیش، شەهید سەید عەبدوڵڵا بوو كە ڕۆڵەی ئەو ناوچە سەربەرزەی كوردستانە. ئێمە بە هەموو شێوەیەك قەرزاری خەڵكی تێكۆشەری ناوچەی باڵەكایەتین."
سەرۆک بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە شۆڕشی گوڵان قۆناخێكی هەرە گرنگی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانە و هەڵگری ئەو پەیامە بوو كە "سەرباری بوونی پیلانگێڕی و هەڕەشە و بەهێزیی نەیاران و كۆسپی گەورە، بەڵام ئیرادەی بەردەوامی و شۆڕش لە ناخی مرۆڤی كوردستانیدا هەر زیندووە. شۆڕشی گوڵان، تەحەداكردنی هەموو ئەو دیكتاتۆر و ستەمكار و دوژمنانە بوو كە وایان مەزندە كردبوو، بە نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ئیتر تا هەتایە كۆتایی بە شۆڕش و بەرخودانی گەلی كوردستان دێت. بەڵام شۆڕشی گوڵان ئەو خەونەی ناحەزانی لە گۆڕ نا و گەلی كوردستان لە خەباتی خۆی بەردەوام بوو و سەرشۆڕی و شكست بۆ دوژمنان مایەوە."
لە كۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی دەڵێت، "هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرم كە بە خوێنی خۆیان مێژوویان بۆ گەلەكەیان تۆماركرد و هەر هەموویان نموونەی قارەمانێتی و خۆبەدەستەوەنەدان و خۆنەچەماندنن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ