چیرۆکی کۆڵنەدانی شکار؛ لە ئۆتیزم و نەخۆشییەوە بۆ بوونە پاڵەوانی لەشجوانی

25-05-2025
پێشەوا بەختیار
شکاری پاڵەوانی لەشجوانی
شکاری پاڵەوانی لەشجوانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شکار، گەنجێکی 25 ساڵی پێنجوێنی، لەوپەڕی بێ هیواییەوە بەهۆی ئۆتیزم و نەخۆشیی جەستەیی، بە یارمەتیی راهێنەرەکەی بووە پاڵەوانی لەشجوانیی کوردستان. ئێستا ئامادەکاری بۆ پارائۆڵۆمپیک دەکات و هێمای هیوا و کۆڵنەدانە، تەنانەت تەندروستیشی باشتر بووە و خەریکە فێری قسەکردن دەبێت.
 
شکار گەنجێکی تەمەن 25 ساڵانە، لە لەدایکبوونیەوە نەخۆشیی زەردوویی و ئێسکە نەرمە تەنگی پێهەڵچنیبوو، لەگەڵ ئەوەیشدا ئۆتیزمە، بەڵام ئەو سەختیانە نەبوونە رێگر لەبەردەمیدا و بە یارمەتیی راهێنەرەکەی ئێستا یەکێکە لە پاڵەوانەکانی لەشجوانیی کوردستان.
 
رێکەوت فازڵ، راهینەر دەڵێت، "سەرەتا شکار هات، بە دوو کەس هێنایانە سەرەوە، لەگەڵی بەردەوام بووم تاوەکو ئێستا."
 
رۆژانە دوو کاژێر و هەفتانە 6 رۆژ راهێنان، لە ماوەی 5 ساڵدا فریادڕەسی شکاری پاڵەوان بوون لە رزگاربوونی لە نەخۆشی، ئەو ئێستا پاڵەوانە و سێ ملوانکەی یەکەمبوونی بردووەتەوە و ئامادەکاری بۆ بەشداریی پاڵەوانێتیی پارائۆڵۆمپیک دەکات لە دوبەی. شکار تەنیا پاڵەوان نییە، بەڵکو لە هۆڵە وەرزشییەکەی پێنجوێن یاریدەدری راهێنەرە و چاودێری وەرزشکاران دەکات.
 
راهێنەرەکەی شکار دەڵێت، "شکار بووەتە جێگەی هیوا و دڵخۆشیی ئەوانەی کەمئەندامیان هەیە."
 
ئارام محەممەد، وەرزشکار ئاماژە بەوە دەکات، شکار "زۆر بەتوانایە، بەوە توڕە دەبێت کە بە هەڵە یاری بکەیت."
 
شکار بە رێژەی 85% ئۆتیزمی هەیە و نابیستە و توانای قسەکردنیشی نەبوو؛ دایک و باوکی لە چارەسەری نەخۆشییەکانی بێ هیوا بوون، بەڵام وەرزش ئێستا تەندروستیی بە جۆرێک باش کردووە، هێدی هێدی خەریکە فێری قسەکردن دەبێت و وشەیش دەبیستێت.
 
عومەر عەبدوڵڵا، باوکی شکار ئاماژەی بەوە کرد، "گوتیان بیبەیتە ئەمریکایش چاک نابێت، با دەستکاریی نەکەین، با عەقڵی تێکنەچێت."
 
توبا محەممەد، دایکی شکار گوتی، "ئێستا زۆر باش بووە، پاک و تەمیز بووە. سەرەتا کە منداڵ بوو وا نەبوو، دەمانگوت بکەوێت ملی دەشکێت."
 
گەنجە پاڵەوانەکەی پێنجوێن، بۆ بەردەوامبوون و زیاتر بەدەستهێنانی خەڵاتی سەرکەوتن، پێویستی بە یارمەتی و دەستگیرۆییکردنە، بەشداری لە پاڵەوانێتییەکان دەکات.
 
زۆر بەیەکەوە بوون و بەخشندەیی رێکەوتی راهێنەر بۆ شکار، وایکردووە هیچ رۆژێک بێ یەکدی هەڵنەکەن و زۆرترین کاتەکان پێکەوە بەسەر ببەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.