رووداو دیجیتاڵ
دابەشکردنی ئاوی سلێمانی بەهۆی گرفتێکەوە راگیرا. بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت: "کێشەکە چارەسەرکرا و پێدانی کارەبا ئاسایی بووەتەوە."
ئەمڕۆ یەکشەممە 25-5-2025، ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی بە رووداوی گوت: "دوێنێ شەو بەهۆی شۆتی کارەباوە دابەشکردنی ئاو لە سنوورەکە راگیرا، بەڵام کێشەکە چارەسەرکرا و پێدانی کارەبا بە هێڵی یەک و دووی ئاوی سلێمانی ئاسایی بووەتەوە."
بە گوتەی بەڕێوبەری گشتیی کارەبای سلێمانی، لە کاژێر 11:15 خولەكی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە پێدانی كارەبا بە هێڵی یەک و دووی ئاوی سلێمانی ئاسایی بووەتەوە و گرفتی كارەبا نەماوە.
ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی گوتی: "دوای نەمانی کێشەی کارەبا، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، بەپێی پلانەكانی خۆی، دەست به گەیاندنی ئاو بۆ شارەکە دەکاتەوە."
هەر ئەمڕۆ ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، نزیکەی پێنج کاژێر پێویستە تاوەکو ئاو لە دووکانەوە دەگاتەوە گەڕەکەکانی سلێمانی".
سلێمانی لە 24 کاژێردا پێویستی بە 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێنە. ئامانج جەلال گوتی، لەم وەرزەدا دەتوانن 250 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ دانیشتووانی شارەکە دابینبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ