رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئەفسەرێک رەتیکردەوە بڕیار درابێت کە هەر بیانییەک لە هەرێمی کوردستان یەکەی نیشتەجێبوون بكڕێت، مافی مانەوەی پێنج ساڵی پێ دەدرێت، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، بڕیارەکە دراوە و چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای چەند کۆبوونەوەیەکی دەسـتەکەمان و وەزارەتی ناوخۆ، لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا کە هەرکەسێک یەکەیەکی نیشتەجێبوون بکڕێت، کارئاسانی بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە لە سێ بۆ پێنج ساڵ بۆ دەکرێ".
بەرگەشت ئاکرەیی دەڵێت: "بڕیارەکە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانیشە نەوەک تەنیا کڕیاران، ئەوەش بە ئامانجی گەشەپێدان و بووژاندنەوەی زیاتری کەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و راکێشانی وەبەرهێنەری بیانی".
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: "ئەو کڕیار و وەبەرهێنەرانەی دوای پڕۆژە یان کڕینی یەکەیەکی نیشتەجێبوون کە بەهاکەی کەمتر نەبێ لە 50 هەزار دۆلار، مافی مانەوەیان پێدەرێت بۆ سێ بۆ پێنج ساڵ بۆ سەرۆکی خێزان، هاوژین و منداڵانی خوار 18 ساڵیان".
بەگوتەی بەرگەشت ئاکرەیی، دوای تەواوبوونی ماوەی نیشتەجێبوونەکە بەهەمان ماوە و رێکاری پێشوو مافی مانەوەکە درێژ دەکرێتەوە.
لەبارەی تێچووی مافی مانەوەکەوە، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: "پێویستیی بە رسوماتەکانی دەرهێنانی مافی نیشتەجێبوون دەبێت، بەڵام کارئاسانی زیاتریان بۆ دەکرێت و بۆ وەگرتنی مافی مانەوە لەپێشینە دەبن".
ئەو کەسەی یەکەیەکی نیشتەجێبوون دەکڕێت، دەبێت لە پڕۆژەکەوە پشتگیریی کڕین ببات بۆ دەستەی وەبەرهێنان، ئەوانیش پشتگیری بۆ دەکەن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە، ئەمەش بە گوتەی بەرگەشت ئاکرەیی.
لە شەوی رابردووەوە لە بەشێکی پەیجە عەرەبییەکان و بەشێک لە پەیجەکانی تایبەت بە کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان بە زمانی عەرەبی بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، "هەرکەسێک شوقە یان خانوویەک بە بڕی 50 هەزار دۆلار بکرێت، مافی نیشتەجێبوون (ئیقامە)ی 5 ساڵ لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت."
پێش قسەکانی بەرگەشت ئاکرەیی، ئەفسەرێکی وەزارەتی ناوخۆ بە رووداوی گوت: "دەنگۆی هەواڵی پێدانی مافی مانەوەی پێنج ساڵ لەبەرامبەر کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون ناڕاستە".
هەر ئەمڕۆ ئەفسەرێک لە نشینگەی سلێمانی بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ ئەو بڕیارە لە وەزارەتی ناوخۆوە بە فەرمی نەگەیشتووە بە ئێمە تاوەکو کاری لەسەر بکەین".
بەرگەشت ئاکرەیی گوتی: "بڕیارەکە دراوە و لە 22ـی ئایارەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، پێدەچیت بڕیارەکە بە دەستی ئەو ئەفسەرانە نەگەیشتبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ