رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای کەرکووک چوار سایلۆ و گۆڕەپان کرانەوە بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەم ساڵ. رۆژانە 90 بۆ 95 ئۆتۆمبێلی بارە گەنم دێنە سایلۆ و گەنمەکەیان بە چەند فیلتەرێکدا رادەست دەکەن.
حکومەتی عێراق بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی 850 هەزار دیناری تەرخان کردووە و دەیدات بە جووتیاران.
پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، پلانێکی تۆکمەیان داناوە تاوەکو قەرەباڵخیی ساڵانی رابردوو لە سایلۆکان دووبارە نەبێتەوە.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: "تاوەکو جووتیارێک مابێت پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە کەرکووک بەردەوام دەبێت، بۆیە هیچ کەسێک خەمی نەبێت. هیچ جووتیارێک پەلە نەکات، ئەو فۆڕمەی ئەم ساڵ دروستکراوە، دەبێتە ناسنامەی هەموو جووتیارێک بۆپاراستنی جووتیار و جیاکردنەوەیەتی لە بازرگان."
ئەوەی ئەم ساڵ ئەرکی جووتیاری زەحمەت کردووە بڕینی بەشێکە لەو گەنمەی بەپێی پلانەکەی پێویستە رادەستی بکات.
زۆربەی جووتیاران گەنمی کەمتر لەو بڕەیان لێ وەردەگیرێت کە لەپلانی هۆبە کشتوکاڵییەکاندا بۆیان نووسراوە.
عەبدلواحید خدر، جووتیاری دەشتی قەراجە و دەڵێت: "ئۆتۆمبێلێک 43 تۆن و ئەوەی دیکە 38 تۆن، دەکاتە 81 تۆن، کەچی لەناو سایلۆ بۆمیان کردووەتە 70 تۆن، ئەوەی دەمێنێ دەبێ یان ئۆتۆمبێلێکی بۆبگرم و بیبەمەوە یان لە بازاڕ بیفرۆشم.
محەممەد جەوهەر، جووتیاری گوندی دوازدە هەواری سەرگەڕان دەڵێت: "من گرێبەستی 120دۆنمم هەیە کەچی پلانی 20 تۆنم بۆگەڕاوەتەوە، ئێستا 25 تۆنم هێناوەتە سایلۆ دەبوو بەلای کەمەوە 50 تۆن بهێنم."
بەهۆی مانەوەی بڕێکی زۆری گەنمی ساڵی رابردوو لەنێو گۆڕەپان و سایلۆکان، جێگایەکی کەم ماوە بۆ وەرگرتنی گەنم، بۆیە لە هەر جووتیارێکی بڕێک کەمتر وەردەگرن.
هاوکات سایلۆکان ئەم ساڵ لەژێر رێنمایی وەزارەتی بازرگانی وردتر لە جۆری گەنم دەڕوانن و بە داشکاندن و بێ داشکاندنەوە.
شەرەف ئەحمەد، بەرپرسی هۆبەی تاقیگە لە سایلۆی کەرکووک دەڵێت: "گەنم کە وەردەگیرێت لە دوو ئاستدایە، بەداشکاندن و بێ داشکاندن، ئەگەر بەبێ داشکاندن بێت 850 هەزار دینارە، ئەگەر بەداشکاندن بێت بۆ هەر تۆنێک بریتییە لە هەشت هەزار و 500 دیناری عێراقی."
لە سنووری پارێزگای کەرکووک زیاتر لە 500 هەزار دۆنم زەوی لەنێو پلانی کشتوکاڵیدایە.
بڕیار دراوە 350 هەزار دۆنمی دیکەش کە زۆربەی زەوی جووتیارانی کوردە و پلانی کشتوکاڵی نییە، بخرێتە نێو پلانەوە و گەنمەکەیان بە نرخی پاڵپشتیکراو لێوەربگیرێت، بەڵام بەمەرج و رێکار کە جووتیاران دەڵێن "قورس و زەحمەتن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ