رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "رۆژی سێشەممە، شاندێکی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا (TIM) بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن".
رۆژی یەکشەممە، کاروان سورچی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی سێشەممە شاندێکی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا (TIM) کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی تورکیا پاڵپشتی دەکرێن، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، لە هەولێر لە هۆتێل دیڤان کاژێر 09:00ـی بەیانی کۆدەبنەوە".
گوتەبێژی یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکان گوتی: "وەزارەتی بازرگانی هەوڵ دەدات هەموو کۆمپانیا بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبکاتەوە، سێشەممە هەموویان بەیەکەوە لەگەڵ ئەو شاندە کۆببنەوە، تاوەکو رێکبکەون و گرێبەست واژۆ بکەن".
بە گوتەی کاروان سورچی، ئەو شاندە نوێنەرایەتی 150 هەزار کۆمپانیا هەناردەکار دەکەن لە بوارەکانی کارەبا، بەرهەمهێنانی ئاژەڵ، جلوبەرگ، بەرهەمی کیمیایی، کوتاڵ، زەیتی زەیتوون، میوەی وشکراوە و IT، ئەگەر گەیشتنە ئەنجام رێککەوتنی بازرگانی لە نێوان هەردوولا دەکرێت".
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "رۆژی سێشەممە27ی ئایار، شاندێکی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا (TIM) بە سەرۆکایەتی مستەفا گولتەپە، بە ئامانجی زیاترکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، سەردانی شاری هەولێر دەکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ