وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کەرکووک دەستیپێکرد

25-05-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری کەرکووک وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سنوورەکەی دەستپێکرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە رێگەی فۆرمێکەوە کە بە جووتیاران دەدرێت، هەموو ئاسانکارییەک لە بازگەکان بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکانیان دەکرێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 25-05-2025، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دەستپێکردنی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکەی راگەیاند و گوتی: ''جگە لە سایلۆی کەرکووک، لە سێ سایلۆی دیکەی تازە خورماتوو، ریاز و حەویجە گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت.''
 
بەگوتەی رێبوار تەها، جووتیارانی هەموو قەزا و ناحیەکانی پارێزگای کەرکووک دابەشکراون بەسەر هەر چوار سایلۆکە ''بۆ ئەوەی لەکاتی رادەستکردنی گەنمدا هیچ قەرەباڵخی و گرفتێک دروست نەبێت.''
 
پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەیەکی باڵا بۆ راییکردنی کاروباری وەرگرتنی گەنمی جووتیاران پێکهێندراوە کە خۆیان سەرپەرشتی دەکەن، ''بەڵام لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک دەوام دەکەن و رۆژانی پشووش لە کارکردن بەردەوامن.''
 
رێبوار تەها ئەوەشی خستەڕوو کە ''هەر کات یەکێک لە ئەندامانی لیژنەکە تووشی گرفتێک بوو و نەیتوانی دەوام بکات، شوێنگرەوەی بۆ دیاریکراوە، واتە بە هیچ شێوەیەک مامەڵەی جووتیاران [بۆ رادەستکردنی گەنم] ناوەستێت.''
 
ئەم ساڵ لە سنووری کەرکووک 750 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ چێندراوە و بەگوتەی عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ رووداو، پێشبینی دەکرێت بەرهەمەکەی سەروو 637 هەزار تۆن بێت.
 
پارێزگاری کەرکووک دڵنیایی دەداتە جووتیاران کە تاوەکو وەرگرتنی سەرجەم بەرهەمی گەنمی پارێزگاکە، پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت و گوتی: ''بۆیە هیچ کەسێک خەمی نەبێت و هیچ جووتیارێک پەلە نەکات، بەڵکو بە شێنەیی کارەکانیان بکەن.''
 
وەک رێبوار تەها دەڵێت، ئەم ساڵ فۆرمێکی تایبەت بە بەرهەمی گەنم دەدرێتە جووتیاران بۆ ئەوەی لەکاتی گواستنەوەیدا ئاسانکاریی تەواویان بۆ بکرێت و گوتی: ''ئەم فۆرمە بۆ پاراستنی مافی جووتیاران و جیاکردنەوەیانە لە بازرگانان. سەرجەم بازگەکان و لایەنی پەیوەندیداری سنووری ئیدارەی کەرکووک ئاگادارکراونەتەوە کە هەر کاتێک ئەو فۆرمە دەبینن، دوای گرتنەبەری رێکارە ئەمنییەکانیان، کارئاسانی بۆ جووتیاران بکەن بۆ هاتووچۆی ئەو بارهەڵگرانەی بەرهەمی گەنمیان پێیە.''
 
وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق رەزامەندی داوە، گەنمى زەویی دەرەوەى پلانى کشتوکاڵیش لە کەرکووک بە هەمان نرخى گەنمى نێو پلان وەربگیرێت. رێبوار تەها گوتی: ''پێشتر ئەم گرفتە زیاتر جووتیارانی تورکمان و کوردی گرتبووەوە، بەڵام ئێستا ناچار نین گەنمەکانیان بە نرخی بازاڕ بە بازرگانان بفرۆشن، بەڵکو ئەوانیش بە نرخی حکومی رادەستی سایلۆکانی دەکەن.''
 
بڕیارە ساڵی داهاتوو لە دوبز سایلۆیەکی دیکەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بکرێتەوە. پارێزگاری کەرکووک گوتی، ''شوێنەکەی تەرخان کراوە و ئێمە وەکو حکومەت ئامادەین تێچووی دورستکردنی سایلۆکە بگرینە ئەستۆ، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو.''
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ رووداو، پار نزیکەی 9 ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ چێندرا کە بەرهەمەکەی نزیکەی شەش ملیۆن و 400 هەزار تۆن بووە، بەڵام ئەم ساڵ نزیکەی شەش ملیۆن دۆنم زەوی کراوەتە گەنم و جۆ کە پێشبینی سەروو پێنج ملیۆن بەرهەمی تێدا دەکرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.