رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی دەڵێت، لە کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دابەشکردنی ئاو لە سنوورەکە بەهۆی کێشەی کارەباوە راگیراوە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، دوای چاککردنەوەی کێشەی کارەبا چەند کاژێرێکیان پێویستە بۆ گەیاندنەوەی ئاو بە شارەکە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بەهۆی بڕانی کارەبا لە هەردوو پڕۆژەی یەک و دووی ئاوی دووکان - سلێمانی، دابەشکردنی ئاو لە هەردوو پڕۆژەکە وەستاوە".
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، تیمەکانی بەڕێوبەرایەتیی کارەبای سلێمانی سەرقاڵی چاککردنەوەی کێشەکەن تاوەکو دابەشکردنی ئاو ئاسایی بێتەوە.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نازانین کەی کێشەی کارەبا چارەسەر دەکرێت، بەڵام دوای چارەسەرکردنی کێشەکە، نزیکەی پێنج کاژێر پێویستە ئاو لە دووکانەوە بگاتەوە گەڕەکەکانی سلێمانی".
سلێمانی لە 24 کاژێردا پێویستی بە 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێنە. ئامانج جەلال گوتی، لەم وەرزەدا دەتوانن 250 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ دانیشتووانی شارەکە دابینبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ