رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی سنووری قەزای کۆیە بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا. گوتەبێژی تەندروستیی قەزاکە دەڵێت، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 75 ساڵە.
رۆژی یەکشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2023، هاوکار عەلی، گوتەبێژی تەندروستی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هاونیشتمانییەکە تەمەنی 75 ساڵە و خەڵکی گوندی سماقووڵی سەروچاوە بووە لە سنووری کۆیە.
ئەو هاونیشتمانییە لە "چوار رۆژ لەمەوبەر" لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر گیانی لەدەستداوە، بەڵام بەهۆی درەنگ هاتنەوەی پشکنینەکەی لە بەغدا ئەمڕۆ دڵنیابوونەتەوە، کە بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە بووە گیانی لەدەستداوە.
دوێنێ شەممە، د. سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمساڵ لە 01-01-2023 تائێستا لە پارێزگاکانی عێراقدا، زیاتر لە 250 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون کە زیاتر لە 35 کەسیان گیانیان لەدەستداوە".
لەبارەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق گوتی: "لە هەولێر 8 تووشبوو تۆمارکراون کە 4یان گیانیان لەدەستداوە، لە سلێمانی هیچ کەسێک تووشی نەخۆشییەکە نەبووە، لە دهۆکیش سێ تووشبوو تۆمارکراون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ