گەنجان؛ كلیلی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی كوردستان

25-06-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو

بەگوێرەی راپرسییەكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو، زیاتر لە 72%ـی گەنجان دەیانەوێ بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن ئەگەر مافی دەنگدانیان هەبێت، ئەمەش لە كاتێكدایە كە رێژەی گشتیی بەشداریكردنی خەڵك لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا لە ئاستێكی زۆر نزمتردا بووە، بەوەش گەنجان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا رۆڵی كلیلی پەیدا دەكەن.
 
كەمیی رێژەی گشتیی بەشداریكردنی خەڵك لە هەڵبژاردنەكان، هەروەها بەرزبوونی ژمارەی گەنجان (15-29) كە بە پێی سەرچاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ساڵی 2022، بەشێوەی رێژەیی 35%ـی كۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان پێكدێنێت، وادەكات كە رۆڵی ئەوان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستاندا یەكلاكەرەوە بێت.
 
لە راپرسییەكەی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداودا كە تایبەتە بە دیدگای گەنج لە هەرێمی كوردستان-2023، رێژەی 72.7%ـی  گەنجانی هەرێمی كوردستان دەیانەوێ بەشداری لە هەڵبژاردندا بكەن ئەگەر مافی دەنگدانیان هەبێت و رێژەی 27.3%یان نەیانویستووە دەنگ بدەن. ئەم رێژەیەش لەسەرووی رێژەی گشتیی بەشداریكردنی خەڵكە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 59% بوو. هەروەها نزیكەی 30%یش زیاترە لە رێژەی بەشداریكردنی گشتیی خەڵك لە هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2021ـی پەرلەمانی عێراق.

 

 
لەو راپرسییەی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداودا كە لە حوەزیرانی ئەمساڵ لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، بۆ دەستخستنی وێنایەكی گشتی لەسەر دیدگای گەنج لە هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پرسە ئابووری، سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان، چاوپێكەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ 1122 كەس كراوە كە تەمەنیان لە نێوان 15-29 ساڵ بووە. خواستی بەشداریكردنی گەنجانی 15-24 ساڵ لە هەڵبژاردن 71.3% بووە و ئەو رێژەیە لە گرووپی گەنجانی تەمەن24-29 ساڵ بەرزتر بووە و گەیشتووەتە 73.9%.
 
هەر بەپێی ئەنجامەكان، كچان و ژنانی گەنج زۆر زیاتر لە كوڕان و پیاوانی گەنج حەزیان لە دەنگدان و بەشدارییە لە هەڵبژاردن و، بە رێژەی 77.9%ـەوە، 8.5% لە رێژەی ئەو كوڕ و پیاوانە زیاترە كە حەز دەكەن بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن. بەرزترین ئاستی خواستی بەشداریكردنی گەنجان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە بە رێژەی 98%، بەدوای ئەویشدا زاخۆ بە 86% و هەولێر 79.5% دێت. كەمترین خواستی بەشداریكردنیش لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانە بە 48.8% و بەدوای ئەویشدا پارێزگای سلێمانی بە 52.3% دێت. ئەو رێژەیە لە هەڵەبجە 59.5% و لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیش 63.3% بووە. بە گشتی خواستی بەشداریكردنی گەنجان لە شارە گەورەكاندا كەمترە لە شوێنانەكانی دیكە و ئەو رێژەیەش 71.3%ـی ژینگەی شارنشین بە78.2%ـی گوندنشین بووە.  

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە