رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانیان رادەستی حکومەتی فیدراڵی کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: لیستی مووچەی مانگی حوزەیران (مانگی شەش) ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ـی لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتەکەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-06-2025، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا "سوپاسی خۆڕاگریی مووچەخۆران"ی کرد و رایگەیاند، دوو مانگە مووچەکانیان بە نایاسایی راگیراوە کە نەدەبوو ئەوان تێکەڵی هیچ جۆرە کێشەیەک بکرێن.
سەرۆکوەزیران باسی لەوەش کرد، "کەمبوونەوەی داهات، جووڵەی بازرگانی و کەرتی تایبەتیش بەرەو لاوازی دەبات، بۆیە بێگومان سەخت دەبێت بتوانین لە داهاتی ناوخۆ مووچە بدەین، بەڵام ئێمە بە هیچ جۆرێک واز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناهێنین".
رۆژی 28ى ئایاری 2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو کە ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بەهۆی تێپەڕاندنی پشکەکەی لە یاسای بودجە دا.
فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانیان وەرنەگرتووە، تائێستا دیار نییە کەی بەغدا پارەی مووچەی ئەو مانگە دەنێرێت.
بە گوتەی بەرپرسانی کورد لە بەغدا، بۆ رەتکردنەوەی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، پێویستە دادگەی فیدراڵی فەرمانی سالاری بۆ ناردنی مووچە دەربکات، بەڵام لە دوایین دانیشتنی خۆیاندا، بەشێکی ئەندامانی دادگەکە نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێش کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ