نێچيرڤان بارزانى: زنجیرە پەلاماری شەوی رابردووی داعش زه‌نگى مه‌ترسييه‌كى جیدیيه‌

25-07-2022
ئاکار بەختیار @Akarbakhtyar
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رایگەیاند، زنجيره‌ په‌لامار‌ى شه‌وى رابردووى داعش له‌ سنوورى به‌غدا، دياله‌، سه‌لاحه‌دين و ‏كه‌ركووک "زه‌نگى مه‌ترسييه‌كى جیدیيه‌." هەروەها دەڵێت، "پێويسته‌ به‌ جیدى ‏هه‌ڵوێسته‌ى له‌سه‌ر بكرێت و وه‌ڵامى يه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى بدرێته‌وه‌." 
 
شه‌وى یەکشەممە 24-07-2022، داعش له‌ سنوورى به‌غدا، دياله‌، سەلاحه‌دين و ‏كه‌ركووک چەند هێرشێکی بۆ سه‌ر هێزه‌ چه‌كداره‌كان و پۆليسى فيدراڵيى عێراق ئەنجامدا كه‌ حه‌وت کوژراو و زياتر له‌ 20 بريندارى لێكه‌وته‌وه‌. لەبارەی هێرشەکانەوە، لە پەیامێکدا نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دەڵێت، "زه‌نگى مه‌ترسييه‌كى جیديه‌."
 
نێچيرڤان بارزانی جموجۆڵ و به‌هێزبوونه‌وه‌ى داعش و فراوانبوونى هێرش و په‌لاماره‌كانى، بە "هه‌ڕه‌شه‌ى ‏راسته‌قينه‌‌ له‌ ئاسايش و سه‌قامگيريى ته‌واوى عێراق" دادەنێت. دەڵێت، "پێويسته‌ به‌ جیدى ‏هه‌ڵوێسته‌ى له‌سه‌ر بكرێت و وه‌ڵامى يه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى بدرێته‌وه‌." 
 
بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شەکانی داعش، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "پێويسته‌ هاريكارى و هاوئاهەنگی‏ كاراتر له‌نێوان سوپا و هێزه‌ چه‌كداره‌كان و پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگە ئه‌منييه‌كانى عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستاندا بكرێت." 
 
لەبارەی پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى ‏دژى داعش بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، نێچيرڤان بارزانی گوتی، "پێويستە به‌رده‌وام بێت." 
 
بەگوتەی نێچيرڤان بارزانی: "بارودۆخى ئه‌منى و سياسيى عێراق، هاريكارى و كارى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌يى له‌ ‏ته‌واوى هێز و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان ده‌خوازێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مووان پێكه‌وه‌ ‏سه‌ختييه‌كان تێپه‌ڕێنن و چيتر دۆخى ئاڵۆزيى سياسى نه‌بێته‌ هۆكارى تێكچوونى ‏ئاسايش و سه‌قامگيریى و به‌هێزبوونه‌وه‌ى زياترى داعش." 
 
دەقی پەیامەکەی نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان 
 
زنجيره‌ په‌لامار‌ى شه‌وى رابردووى داعش له‌ سنوورى به‌غدا، دياله‌، سەلاحه‌دين و ‏كه‌ركووک بۆ سه‌ر هێزه‌ چه‌كداره‌كان و پۆليسى فيدراڵيى عێراق كه‌ حه‌وت شه‌هيد و زياتر له‌ 20 بريندارى لێكه‌وته‌وه‌، زه‌نگى مه‌ترسييه‌كى جیديه‌.‏
 
جموجۆڵ و به‌هێزبوونه‌وه‌ى داعش و فراوانبوونى هێرش و په‌لاماره‌كانى، هه‌ڕه‌شه‌ى ‏راسته‌قينه‌‌ له‌ ئاسايش و سه‌قامگيريى ته‌واوى عێراق ده‌كه‌ن كه‌ پێويسته‌ به‌ جیدى ‏هه‌ڵوێسته‌ى له‌سه‌ر بكرێت و وه‌ڵامى يه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى بدرێته‌وه‌. ‏
 
بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى داعش، پێويسته‌ هاريكارى و هاوئاهەنگی‏ كاراتر له‌نێوان سوپا و هێزه‌ چه‌كداره‌كان و پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگە ئه‌منييه‌كانى عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستاندا بكرێت. هه‌روه‌ها پێويسته‌ پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى ‏دژى داعش بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام بێت.‏
 
بارودۆخى ئه‌منى و سياسيى عێراق، هاريكارى و كارى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌يى له‌ ‏ته‌واوى هێز و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان ده‌خوازێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مووان پێكه‌وه‌ ‏سه‌ختييه‌كان تێپه‌ڕێنن و چيتر دۆخى ئاڵۆزيى سياسى نه‌بێته‌ هۆكارى تێكچوونى ‏ئاسايش و سه‌قامگيریى و به‌هێزبوونه‌وه‌ى زياترى داعش.‏
 
سه‌ره‌خۆشى له‌ خێزان و كه‌سوكارى شه‌هيدان ده‌كه‌م، هاوسۆز و هاوخه‌ميانم، ‏هيواى زوو چاكبوونه‌وه‌ بۆ برينداران ده‌خوازم.‏   

 

نێچيرڤان بارزانى
 
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
 
25-07-2022

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە