رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی نوێ لەنێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی داخستنی کەمپی ئاوارەکان پێکدەهێنرێت و، بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتووش لیژنەکە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بکات. بە گوتەی کۆچ و کۆچبەران، کەمپەکان داناخرێن.
دوێنێ چوارشەممە، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی پرسی ئاوارەکان کۆبووەوە. شاندەکە پێکهاتبوون لە فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و سامی جەلال، راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رۆژی پێنجشەممە 25-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی عێراق بڕیاریدابوو 30ی مانگی تەممووزی ئەم ساڵ سەرجەم کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابخرێن، بەڵام بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە کەمپەکان لەو وادەیە داناخرێن و دوادەکەوێت.
عەلی عەباس دەڵێت، لەبارەی پرسی ئاوارەکان و کەمپەکان، بەمدواییانە فەرمانێکی نوێی دیوانی دەرچووە کە کۆمەڵێک لایەنی پەیوەندیدار تێیدا ئەندامن، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. "ئەو شاندەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتن گفتوگۆیان کرد لەبارەی ئەو فەرمانە دیوانییە و پێکهێنانی لیژنەیەکی نوێ."
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، بڕیارە لیژنەکە لە سەرەتای مانگی داهاتوو کۆببێتەوە، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە و زەمینەسازیی گەڕانەوەی ئاوارەکان، دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و فەراهەمکردنی دۆخی ئەمنی تاوتوێ دەکات بۆ ئەوەی ئاوارەکان بێ گرفت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا جەختی لەوە کردووەتەوە حکومەتى هەرێمی کوردستان پشتیوانى لە گەڕانەوەی دڵخوازانەى ئاوارەکان بۆ ناوچەکانى خۆیان دەکات، بەڵام دوای ئەوەی ناوچەکەیان لە رووی ئاسايش، ئابووری، کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییە پێویستەکانیان زامن دەکرێ.
بە گوتەی عەلی عەباس، ئێستا نزیکەی 26 هەزار و 500 خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ماون، نزیکەی 22 هەزاریان لە دهۆک و ئەوانی دیکە لە هەولێرن. لە پارێزگای سلێمانی هیچ کەمپێک نەماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ