جەمیل بایک: چیدیکە چەک خزمەتی گەیشتن بە ئامانجەکان ناکات

25-07-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دەڵێت، چیدیکە چەک خزمەتی ئامانجەکانی گەریلا ناکات. ئاماژە بەوەش دەکات، "پێویستە ئامرازی دیکە بەکاربهێندرێ. بۆ ئەو مەبەستەش تورکیا پێویستە گۆڕانکاری لە یاساکاندا بکات."
 
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووە کە بە سێ بەش لە رۆژانی چوارشەممە 23ی مانگ، پێنجشەممە 24ی ئەم مانگ و ئەمڕۆ هەینیش 25 مانگ بڵاوکرایەوە.
 
کەجەکە، باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە و هاوسەرۆکانیشیان هەریەکە لە جەمیل و بایک و بەسێ هۆزاتن.
 
جەمیل بایک لە دوایین بەشی هەڤپەیڤینەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، چەک هەڵگرتنی گەریلا دژی سوپای تورکیا ئامرازێک بوو بۆ گەیشتن بە کۆمەڵێک ئامانج؛ گوتیشی، "چەک بۆ ماوەیەک خزمەتی ئامانجی کرد. ئیدی ئەو خزمەتە ناکات. بۆیە پێویستە لە کاربخرێ. پێویستە ئامرازی دیکە بخرێتەگەڕ. بۆ ئەوەش، تورکیا ئەرکی لەسەر شانە و پێویستە گۆڕانکاری لە یاساکاندا بکات."
 
هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان راشیگەیاند، "ئەگەر تورکیا یاساکانی بگۆڕێت، ئێمەش دەچینەوە تورکیا. ئەگەر نەیگۆڕێت، ناچینەوە. ئێمە لە خەباتمان بەردەوام دەبین."
 
بایک جەختی لەوە کردەوە، دەبێت حکومەتی تورکیا هەنگاوی یاسایی بۆ ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بنێت، نەوەک کردەیی؛ گوتیشی، "ئەگەر کردەیی بن، دەتوانن نکۆڵی لە هەموو شتێک بکەن. دەتوانن رێبەر ئازاد بکەن و دووبارە دەستگیری بکەنەوە. بۆیە هەمواری یاسایی مەرجە."
 
ساڵی 2013 پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چەند دەیەیەی پەکەکە و ئەو وڵاتە دەستیپێکرد و تاوەکو 2015 بەردەوام بوو.
 
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک "نیازپاکییەک" چەکەکانیان سووتاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە