گوندی زەنگڵان؛ بیری ئاو خەریکە وشک دەکات و 130 ماڵ بێئاو بوون

25-07-2025
ئەبوبەکر ئیسماعیل
دانیشتووانی گوندەکە رۆژانە ئاو دەکڕن و بەشی ئاژەڵەکانیان ناکات.
دانیشتووانی گوندەکە رۆژانە ئاو دەکڕن و بەشی ئاژەڵەکانیان ناکات.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی زەنگڵانی سەر بە قەزای پشدەر، بیرێکی ئاو بە قووڵی زیاتر لە 130 مەتر کە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی ئاوی دانیشتووانەکەی بوو، بەهۆی وشکەساڵی و کەمبارانییەوە خەریکە بە تەواوی وشک دەکات. ئەمەش ژیانی 500 هاووڵاتیی خستووەتە مەترسییەوە و ناچاری کردوون بە پارەیەکی زۆر ئاو بکڕن و بیر لە جێهێشتنی گوندەکەیان بکەنەوە.
 
دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن، وشکبوونی ئەم بیرە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی رۆژانە، کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییان داناوە.
 
رەمەزان رەسوڵ، دانیشتووی گوندەکەیە و باس لە خەرجییە زۆرەکانی دەکات و دەڵێت، "لە ماوەی 10 رۆژدا نزیکەی 12 تانکەر ئاوم کڕیووە و هەر تانکەرێکیش بە 15 هەزار دینارە. هەندێک کەس کە مەڕ و ماڵاتیان هەیە، بڕێکی زۆر زیاتریان کڕیوە. ناچار بووین واز لە باخ و نەمامەکانمان بهێنین و هەمووی وشک بوو. خەڵک لەبەر بێ ئاوی بیر لە بارکردن دەکاتەوە."
 
ریش سپی و بەتەمەنەکانی گوند، کە دەیان ساڵە شایەتحاڵی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەن، بەم دۆخە شۆکبوون و دەڵێن، تاوەکو ئێستا بێ ئاوییەکی وا سەختیان نەبینیوە.
 
رەسوڵ وسو، دانیشتووێکی دیکەی گوندەکەیە و بە نیگەرانییەوە دەڵێت، "ئاوەکە ئەوەندە کەم بووەتەوە کە بەشی پێداویستی ماڵ و مەڕوماڵات ناکات، بیرەکە بە کردەوە وشکی کردووە."
 
هاوکات، مەولود خدر، دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکەیە و باس لە دۆخی ئاژەڵەکانیان دەکات و باس لەوە دەکات،"مانگا و مەڕوماڵاتمان لە تینوێتیدا هەر دەبۆڕێنن، چونکە ئاومان نییە پێیانی بدەین."
 
سەرەڕای ئەم قەیرانە قووڵە، گوندی زەنگڵان کە نزیکەی 130 ماڵ و زیاتر لە 500 کەس لەخۆدەگرێت، تاوەکو ئێستا تۆڕی دابەشکردنی ئاوی بۆ رانەکێشراوە. تاکە سەرچاوەیەک کە بەشێوەیەکی کاتی ئاوی پێدەدرێت، پڕۆژەیەکی بچووکە کە ئەویش رووبەڕووی هەمان مەترسیی وشکبوون بووەتەوە.
 
بە گوتەی دانیشتووان، ئێستا دوو رۆژ جارێک و بۆ ماوەی نزیکەی نیو کاژێر ئاو بۆ گوندەکە بەردەدرێتەوە، کە بە هیچ شێوەیەک بەشی پێداویستییەکانیان ناکات و گوندەکەش مەترسی چۆڵبوونی لەسەرە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.