رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری ژمارەیەک فەرمانبەری گرێبەستی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 10 مانگی رابردوودا یەک مووچەیان وەرگرتووە.
فەرمانبەرە گرێبەستەکان ژمارەیان 370 کەسە و پاسەوانی دادوەر و داواکارانی گشتین لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک و لە مانگی 10ـی پارەوە گرێبەستیان کردووە و دەستبەکاربوون و بەردەوامن لە کارکردن.
نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانە ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە مانگی 10ـی پارەوە کە لە کارداین تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا یەک مووچەمان وەرگرتووە، کە مووچەی مانگی چوار بووە".
ئەو نوێنەرەی فەرمانبەرە گرێبەستەکانی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێستا کە دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج دەستیپێکردووە ئێمە نازانین کەی مووچە وەردەگرین".
بە گوتەی نوێنەرەکەیان بێت، پێشتر پێیانگوتراوە، یان دوو دوو مووچەیان پێکەوە پێدەدرێت تاوەکو دواکەوتنی مووچەکانیان قەرەبوو دەکرێتەوە یان هەموو مووچەکان پێکەوە. دەشڵێت: "ئێستا نازانین کەی مووچەی مانگی پێنجیش وەردەگرین، نەوەکو ئەوانەی رابردوو".
24ـی تەممووز وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی عێراق پارەی ناردووە و لە ئەمڕۆ 25ـی تەمووزەوە دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج دەستپێدەکات.
مووچەی گرێبەستەکان لە هەرێمی کوردستان لە داهاتی نێوخۆ دەدرێن.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە 38 هەزار مامۆستای گرێبەستی هەیە. کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرەکانیان بە رووداوی گوت: "وەزارەتی دارایی پێی گوتووین، دوای دابەشکردنی مووچەی دامەزراوان، لە هەفتەی داهاتوودا مووچەمان پێ دەدرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ