رووداو دیجیتاڵ
لە نزیک گوندی تەپەڕەش لە قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی، هاونیشتمانییەک کوژرا.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ بە ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە نێوان کوژراو و بکوژەکاندا دەمەقاڵێ دروستبووە و رووداوەکەی لێکەوتووەتەوە".
رووداوەکە شەوی رابردوو روویداوە. بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ رووداو، کوژراوەکە ئاسەواری لێدان بە سەرییەوە بووە و سەرەتا بریندار بووە، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
کوڕی کوژراوەکە بە پۆلیسی سلێمانی گوتووە، باوکی لەگەڵ تۆمەتبارەکاندا پێشتر کێشەی هەبووە.
بەپێی زانیارییەکان، کوژراوەکە ناوی (ب. س) و تەمەنی سەروو 50 ساڵە، سەرقاڵی کاری ئاژەڵداری بووە.
پۆلیس دوو تۆمەتباری بە تۆمەتی کوشتنی ئەو هاونیشتمانییە دەستگیر کردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ