رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە رایگەیاند، لە 6 مانگی رابردوودا، 150 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە شاخاوییەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکاندا روویانداوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ژمارەی ئاگرکەوتنەوەکان دابەزیون.
ئەمڕۆ هەینی 25-07-2025 زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە فوئاد رەحیم پێشکێشیکرد، رایگەیاند، بۆ رێگریی پێشوەختە لە کەوتنەوەی ئاگر، لە دارستان و ناوچە شاخاوییەکان ئاگربڕیان دروست کردووە، بۆ ئەوەی لەکاتی ئاگرکەوتنەوەدا، بە زووترین کات کۆنترۆڵی بکەن و زیانەکان کەمتر بکرێنەوە.
زانیار عومەر گوتی: "ئاگربڕەکان کاریگەرییەکی باشیان لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم ساڵدا هەبووە."
هەفتەیەکە شەپۆلێکی گەرما رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە پێیوایە هاتنی ئەم شەپۆلە گەرمایە هۆکارە بۆ کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەکان و خێراتر تەشەنەسەندنیان.
زانیار عومەر رێنمایی دەداتە گەشتیاران و دەڵێت: ''پێویستە لەکاتی چوونیان بۆ ناوچە گەشتیاری و شاخاوییەکان، بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، بۆ ئەوەی نەبنە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە دارستان و زیانگەیاندن بە ژینگە.''
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە باسی لەوە کرد، لە وەرزی هاویندا سەرجەم تیمەکانیان لە ئامادەیی تەواودان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئاگرکەوەتنەوە و رووداوێکی نەخوازراو.
بەگوتەی زانیار عومەر، بەراورد بە پار، ژمارەی ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستان، ناوچە شاخاوییەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان کەمیکردووە و گوتی ''لە 6 مانگی رابردوودا 150 ئاگرکەوتنەوە روویداوە کە زۆربەیان لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا بوون و هیچ زیانێک بەر ناوچە شاخاوییەکان نەکەوتووە.''
زانیار عومەر لە بارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان گوتی: ''زۆربەیان هۆکاری مرۆییان هەیە و بە ئەنقەست یان بەهۆی پشتگوێخستنی رێنماییەکان لەلایەن گەشتیارانەوە روودەدەن، هەروەها بەشێکیشیان هۆکاری سرووشتییان هەیە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ