رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی لە یادی 34 ساڵەی ئەنفالی بادیناندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ مانەوە و ئازادیخوازی سەرکەوت و ئەوە دووژمنان و نەیاران و تاوانباران بوون کەوتنە زبڵدانی مێژوو." ئاماژەی بەوەش کردووە، "گەلەكەمان هەرگیز زمانی زۆرداری و تاوان قبووڵ ناكات."
لە پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانیدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی 34 ساڵ بەسەر ئەنفالی بادیناندا هاتووە، "لە 25-08-1988 تاوەکو 6ی ئەیلوولی 1988 لە درێژەی زنجیرە تاوانەكانی رژێمی عێراق لەدژی خەڵكی كوردستان، بەشێكی زۆری ناوچە و گوندەكانی دەڤەری بادینان كەوتنە بەر هەڵمەتی نامرۆڤانەی كیمیابارانكردن و گرتن و كوشتن و راگواستن و ئەنفالی هاووڵاتییانی بێ تاوان لەلایەن هێزەكانی رژێمی ئەو كاتی عێراقدا."
ئهمڕۆ 34 ساڵ بەسەر ئهنفالى باديناندا تێدەپەڕێت، كه وهكو دوا قۆناخى ئهنفال له 25ى ئابهوه تاوەکو 6ى ئهيلوولى 1988 سوپاى ئەوکاتی عێراق بەرامبەر پێكهاته جياكانى خهڵكى بادينان ئهنجامى دا و هەزاران هاووڵاتیی كوردستان شەهید و بێ سەروشوێن و ئاوارە كران و سەدان گوندیش خاپوور بوون.
سەرۆک بارزانی دەڵێت، "مەبەستی رژێم لەو رەفتارە شۆڤینی و ئەو تاوانە گەورەیە گۆڕینی دیمۆگرافیی كوردستان و شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان لەڕێگەی چەك و زەبروزەنگ و ستەمكاری بوو؛ بەڵام ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ مانەوە و ئازادیخوازی سەركەوت و ئەوە دووژمنان و نەیاران و تاوانباران بوون كە كەوتنە زبڵدانی مێژوو."
هەر لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، "گەلەكەمان هەرگیز زمانی زۆرداری و تاوان قبووڵ ناكات و دەبێت دەوڵەتی عێراقیش قەرەبووی هەموو ئەو تاوان و ستەمكارییانە بدات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ