رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی دوو هەفتەیە ئێران سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی قەڵادزێ و دەوروربەری لە ئیدارەی راپەڕین گرتووەتەوە. بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەکە دەڵێت، ئاوەکە هێندە کەمبووەتەوە کە مەترسیی پیسبوون و کارەساتی ژینگەیی دروستکردووە.
رۆژی شەممە 26ی ئابی 2023 ئەندازیار سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 13ی ئەم مانگەوە لەلایەن ئێرانەوە سەرچاوەی ئاوی زێی بچووک گیراوەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو بەنداوەی لەسەر ئاوەکە دروستیکردووە."
سەلام عومەر گوتیشی، پێشتر لە رێگەی پڕۆژەی ئاوی 'خاسـ'ـەوە کە سەرچاوەی ئاوەکەی زێی بچووکە، رۆژانە لە کاژێرێکدا دوو هەزار و 700 مەتر سێجا ئاویان بۆ هاونیشتمانیان بەرداوەتەوە، بەڵام بەهۆی گرتنەوەی ئاوەکەوە ئێستا کەمکراوەتەوە بۆ هەزار مەتری سێجا. ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستاش رۆژانە ئاو دەدەینە هاونیشتمانیان، بەڵام بەراورد بە پێش گرتنەوەی ئاوەکە، کاژێرەکانی پێدانی ئاو کەمتر بوونەتەوە."
ئاوی زێی بچووک جگە لەوەی سەرچاوەی ئاوی دانیشتووانی قەڵادزێیە، هاوکات دەڕژێتە بەنداوی دووکان و بەشێکی کۆیە و تەقتەقیش سوود لە هەمان ئاو وەردەگرن.
بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین دەڵێت، جگە لەوەی ئاوی زێی بچووک سەرچاوەی ئاوی خاوێنی زیاتر لە 100 هەزار کەسە، هاوکات بۆ حەوزی ماسی و کشتوکاڵ سوودی لێوەردەگیرێت. گوتیشی، "ئاوەکە بەرنەدرێتەوە سامانی ماسی لە ناوچەکە بە تەواوی دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەو زەوییانەی بۆ کشتوکاڵ سوود لە زێی بچووک وەردەگرن لەنێو دەچن؛ بە بەرنەدانەوەی ئاوەکە کارەساتی ژینگەیی دروست دەبێت."
ئێران لە ساڵی 2017وە بەنداوی کۆڵەسەی لە سنووری شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر زێی بچووک دروستکردووە. بەهۆی گلدانەوەی ئاو بۆ ئەو بەنداوە، ساڵانە بەگوێرەی پێویستی خۆی ئاوەکە دەگرێتەوە و ئەمساڵ ئەمە جاری دووەمە سەرچاوەی ئاوەی زێی بچووک دەگرێتەوە. بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین دەڵێت، بەرپرسانی ئاو لە شاری سەردەشت دەڵێن، دۆسێی ئاو راستەوخۆ پەیوەندیی بە تارانەوە هەیە و ئەوان ناتوانن دەستوەردانی تێدا بکەن.
بڕیاری دروستکردنی بەنداوی دەڵگە لەسەر زێی بچووک دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە. سەلام عومەر دەڵێت، دروستکردنی ئەو بەنداوە کێشەی کەمیی ئاو لە ئیدارەی راپەڕین و سلێمانیش چارەسەر دەکات، کە بڕیاربووە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە 600 ملیۆن دۆلار دروستبکرێت.
ئەمساڵ رۆژی 25ی حوزەیران ئێران ئاوی زێی بچووکی بۆ ماوەی پێنج رۆژ گرتەوە؛ ساڵی رابردووش 25ی ئاب بۆ ماوەی چەند رۆژێک ئاوەکە لەلایەن ئێرانەوە گیرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ