وەبەرهێنانی هەولێر: 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون رادەستی خەڵک دەکرێن

25-08-2023
پەیمان محەممەد
دیبەیتێکی تایبەتی رووداو لەبارەی دۆخی بازاڕی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان
دیبەیتێکی تایبەتی رووداو لەبارەی دۆخی بازاڕی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر دەڵێت، 100 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە بواری نیشتەجێبوون لە سنووری پارێزگاکە مۆڵەتیان وەرگرتووە. وەبەرهێنەرێکیش دەڵێت، بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە 80% سستبووە.
 
رۆژی هەینی 25-08-2023 سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر؛ حاجی سەلام، بازرگان و وەبەرهێنەری خانووبەرە و کارزان عەبدوڵڵا، ئەندازیاری تەلارسازی میوانی تۆڕی میدیایی رووداو بوون و دۆخی بازاڕی خانووبەرەیان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرد.
 
سامان عارەب بە محەممەد شێخ فاتیحی گوت، دۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەر کەرتی وەبەرهێنان لە خانووبەرەدا هەبووە، "بەڵام بەراورد بە پار، مۆڵەتی زیاتر بە پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان لە هەولێر دراوە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر 100 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە بواری نیشتەجێبوون مۆڵەتیان وەرگرتووە و لەو 100 پڕۆژەیە، نزیکەی 56 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون خەڵکیان تێدا نیشتەجێن و بەشێکیان لە قۆناخی رادەستکردندان و بەشێکیشیان لە قۆناخی سەرەتایی دروستکردندان، "ئومێد دەکەین لە کۆتایی ئەمساڵ و نێوەڕاستی ساڵی داهاتوودا 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون رادەستی خەڵک بکرێن."
 
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر باس لەوە دەکات، باج و رسووماتی پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەی بازرگانی زیاترە و دەشڵێت، "لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە مانگی پێنجی ئەمساڵەوە پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان بە کەرتی نیشتەجێبوون راگیراوە، ئەوەش بەهۆی پێداچوونەوە لەڕووی تەکنیکییەوە و هەڵسەنگاندنی زانستیانە بۆ سێکتەرەکە."
 
سامان عارەب ئاماژەی بەوەش کرد، پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان لەمەودوا، بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنەی کە ئێستا بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەویوەندیدارەکان دەکرێت، بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە خواستێکی زۆر لەسەر پڕۆژەکەیان هەیە.
 
"بازاڕی خانووبەرە 80% سستبووە"
 
حاجی سەلام، وەبەرهێنەر لە کەرتی خانووبەرە دەڵێت، دوو جۆرە بازاڕ بۆ کڕین و فڕۆشتنی خانووبەرە هەیە؛ "بازاڕێک کە خەڵک خانووبەرەیەک بۆ پێداویستیی خۆیان دەکڕن و بۆ فرۆش نییە، کە ئێستا ئەو بازاڕە هەیە و دەبینرێت. بازاڕێکیش بۆ قازانج و بازرگانیکردنە کە ئێستا ئەو بازاڕە نەماوە و 80% سستبووە."
 
حاجی سەلام، هۆکاری سستبوونی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە دوای ئەوەی هەندێک لە وەبەرهێنەران پڕۆژەکانیان لە بازرگانییەوە بۆ نیشتەجێبوون گۆڕیوە، خانووبەرە و شوقەیەکی یەکجار زۆر خراوەتە بازاڕەوە و بەهۆیەوە داخوازی لەسەر یەکەی نیشتەجێبوون بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
 
ئەو وەبەرهێنەرە گوتیشی، بازاڕی خانووبەرە لە شارەکانی نێوەڕاستی عێراق بەهۆی باشتربوونی دۆخی ئەمنی خۆشتر بووە و زۆربەی کڕیاران، وەبەرهێنەران و بازرگانان بەرەو ناوچەکانی دیکەی عێراق دەچن.
 
بەگوتەی حاجی سەلام، "پێشتر نزیکەی 20% بۆ 30%ی کڕیارانی شوقە لە هەرێمی کوردستان عەرەب بوون، ئێستا ئەو رێژەیە لە کڕیارانی عەرەبدا نەماوە، بەڵام ئێستاش 80%ی خانووی کرێ لەلایەن عەرەبەکانەوە وەردەگیرێن."
 
"قازانجی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە کەمبووەتەوە"
 
کارزان عەبدوڵڵا، ئەندازیاری تەلارسازی پێیوایە، پێشتر هۆکاری هەڵکشانی نرخی خانووبەرە و شوقە، خواستی زۆری کڕیار بۆ کڕین بوو، "بەڵام ئێستا وای لێهاتووە کە نرخ بە جۆرێک بەرزبووەتەوە کە دەکرێ خانووبەرەیەک بکڕیت، بەڵام دواتر ناکرێ بە قازانج بیفرۆشیتەوە، ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکانی سستبوونی بازاڕی شوقە و خانووبەرەیە."
 
کارزان عەبدوڵڵا باس لەوە دەکات کە سیمای خانووبەرەکان لە شاری هەولێر بە یەک شێوەن و جیاوازییەک لە باڵەخانە و خانووبەرەکاندا نابینرێت و ئەوەش بە کێشەیەک لە بەشی دیزاینی ئەو کەرتەدا دەبینێت.
 
کارەبای بەشێک لە یەکە نیشتەجێبوونەکان بە سیستمی نوێی پریپەید دابین دەکرێت کە کارەبایەکی 24 کاژێریی نیشتیمانییە و نرخی هەر کیلۆواتێک لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار بەرزبووەتەوە، حاجی سەلام دەڵێت، زیادکردنی نرخی کارەبا کاریگەری لەسەر پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون هەیە و هەندێک لە هاووڵاتییان بەهۆیەوە چۆڵیان کردووە.
 
ئەو وەبەرهێنەرە زیاتر روونی دەکاتەوە، "بەگشتی زیادکردنی باج و رسومات کاریگەری لەسەر بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە هەبووە" و گوتیشی، "پێشتر حکومەت 1%ی بۆ رسووماتی تاپۆکردنی موڵک و خانووبەرە وەردەگرت، بەڵام ئێستا 3٪ وەردەگرێت کە پارەیەکی یەکجار زۆر دەکات و هاووڵاتییان توانای پێدانی ئەو بڕە پارەیان نییە."
 
کارزان عەبدوڵڵا لەبارەی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە [کارەبا] لە یەکە نیشتەجێبوونەکاندا پێیوایە، حکومەت لەبری بەرزکردنەوەی نرخی کارەبا، دەبێ رێنمایی بۆ وەبەرهێنەران دەربکات، بۆ ئەوەی یەکەکان بە جۆرێک دروست بکرێن و مادەیەکیان تێدا بەکاربهێنرێت کە رێگە لە بەفیڕۆچوونی وزە نەدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رائید فوئاد ئەحمەد زراری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان.

پۆلیسی دارستان: پار زیاتر لە 1600 سەرپێچیی ژینگەیی تۆمارکراون

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پار هەزار و 666 سەرپێچیی ژینگەیی تۆمار کراون، گوتیشی، هەر لەو ماوەیەدا نزیکەی 956 هەزار و 300 دۆنم پووش و پاوان سووتاوە.