37 ساڵ بەسەر ئەنفالی بادیناندا تێدەپەڕێت؛ رووفاتەکانیان دیار نین

25-08-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ 37 ساڵ بەسەر دوایین قۆناخی تاوانی ئەنفالدا تێدەپەڕێت، کە ئەنفالی بادینانە و تاوەکو ئەمڕۆ رووفاتی هیچ ئەنفالکراوێکیان نەگەڕێندراوەتەوە.
 
ئەنفالی بادینان 25ی ئابی 1988 دەستیپێکرد و 6ی ئەیلوولی هەمان ساڵ کۆتاییهات. لەو تاوانەدا سنووری دهۆک، زاخۆ، کانی ماسێ، دێرەلووک، سەرسەنگ، دینارتە، ئاکرێ، ئەترووش، زاوێتە، زێوە، شێخان و شێروان مەزن لە 11 قۆڵەوە پەلاماردران.
 
ئەنفالی بادینان وەکو قۆناخەکانی پێشتر بە هێرشی کیمیایی دەستیپێکرد و لە 24ی ئاب گوندی سپینداری لە قەد پاڵی چیای گارە بە بۆمبی هێشوویی بۆردوومانکرا.
 
هێمن حەسیب، چالاکڤان و نووسەری بواری ئەنفال بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 13 رۆژی ئەنفالی بادیناندا ناوچەکە 19 جار بە چەکی کیمیایی بۆردوومانکرا، تەنیا لە 25ـی ئابدا شەش جار بۆردوومان کرا".
 
ئەنفالی بادینان بە سەرکردایەتی لیوا روکن سوڵتان هاشم، فەرماندەی فەیلەقی یەک؛ لیوا روکن یونس محەممەدزەرب، فەرماندەی فەیلەقی پێنج؛ لیوا روکن کامیل ساجد، فەرماندەی فەیلەقی دوو و بە سەرپەرشتی راستەوخۆی بەرپرسانی ئەو کاتی عێراق، هەریەکە لە فەریقی یەکەمی روکن عەدنان خەیروڵڵا، وەزیری بەرگری؛ فەریق روکن نزار خەزرەجی سوپاسالار و عەلی حەسەن مەجید، بەرپرسی لیژنەی کاروباری باکووری حیزبی بەعس ئەنجام درا.
 
بە گوتەی هێمن حەسیب، "بەپێی بەڵگەنامەیەک کە واژۆی لیوا روکن یونس محەممەد زەرب، فەرماندەی فەیلەقی پێنجی لەسەرە و بۆ فەرماندەی گشتی سوپای ناردووە، لە ئەنفالی بادیناندا 13 هەزار و 553 کەس دەستگیرکران، لەوانە 3 هەزار و 373 ژن و 6 هەزار و 964 منداڵ."
 
ئەنفالی بادینان کە بە قۆناخی هەشتی ئەنفال دەناسرێ، 10 هەزار و 360 کیلۆمەتری چوارگۆشەی گرتەوە و تاکە قۆناخی ئەنفالە کە کەوتە دوای وەستانی جەنگی عێراق و ئێران.
 
تاوەکو ئەمڕۆ رووفاتی هیچ ئەنفالکراوێکی بادینان نەگەڕێندراوەتەوە هەرێمی کوردستان.
 
ئەو چەکدارانەی لە ئەنفالی بادیناندا بەشداربوون لەژێر ناوی جیادا بوون، لەنێویاندا سوپای عێراق، گاردی کۆماری و جاش و مستەشارەکان. بەگشتی نزیکەی 200 هەزار چەکدار و سەرباز لە پرۆسەکەدا بۆ کۆمەڵکوژکردنی کورد بەشداربوون.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، جگە لەو ژمارەیەی ئەنفالکران، لە مەیدانی ئەنفالی بادیناندا زیاتر لە 5 هەزار هاونیشتمانی سڤیل کۆمەڵکوژ کراون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی رێکخراوی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ کە 16-06-1990 بڵاوکراوەتەوە، بەهۆی ئەنفالی بادینانەوە 55 هەزار کەس ئاوارەی باکووری کوردستان و تورکیا بوون.
 
بە گوتەی هێمن حەسیب کە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی لە ئەنفالکردووە، لە ئەنفالی بادیناندا 152 هاووڵاتی کریستیان و 183 کوردی ئێزدی ئەنفالکران.
 
جگە لە کۆمەڵکوژکردن، لە ئەنفالی بادیناندا نزیکەی 600 گوند خاپوور کران و نزیکەی 60 هەزار هاونیشتمانی ئاوارە و بێ ماڵ مانەوە؛ هەروەها ژمارەیەک گوند کیمیاباران کران، لەنێویاندا 40 گوندی کریستیان و 81 گوندی کوردانی ئێزدی.
 
بەپێی راپۆرتی ژمارە 28/8 لە 3-9-1988ـی فەیلەقی پێنج کە لیوا روکن یونس محەممەد زەرب واژۆیکردووە، ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە 13 سەرکردایەتی فیرقەکانی (4، 7، 25، 29، 41) لەگەڵ هێزەکانی ( 38، 41، 45) و سەرکردایەتیی جاش و موستەشارەکان بەشداریی کاریگەرییان کردووە؛ سەرجەم هێزەکانیش بریتی بوون لە 29 لیوا، 7 کەتیبەی تانک، 2 سرییە، 4 کەتیبەی زرێپۆش، 24 کەتیبەی سەدام، گاردی کۆماری، 171 فەوجی جاش.
 
بەعسییەکان لە قۆناخی هەشتەمی ئەنفالی بادیناندا، جگە لە کیمیابارانکردن، گۆڕی بەکۆمەڵ و گولـلەبارانکردنی بەکۆمەڵیشیان لە چەند گوندێک لە دەڤەری بادینان کرد، لەنێویاندا لە گوندی کورێمێ لە قەزای ئامێدی. 
 
لە ئەنفالدا کە هەشت قۆناخ بوو نزیکەی 182 هەزار هاونیشتمانی شەهیدبوون. قۆناخی گەرمیانی شاڵاوەکە لە 14ی نیسانی ساڵی 1988 دەستیپێکرد و ئەو رۆژەش وەک ساڵیادی ئەو شاڵاوە لە باشووری کوردستان دەستنیشانکراوە و یادی دەکرێتەوە.    
 
پەرلەمانی عێراق لە 14ی نیسانی ساڵی 2008دا ئەنفالی وەک جینۆساید ناساند. ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی سەردەمی دەسەڵاتی سەدامیش لەسێدارەدراون، لەوانەش عەلی حەسەن مەجید، ناسراو بە عەلی کیمیایی لە ساڵی 2010دا.
 
لە ئەنفال و جینۆسایدکردنی گەلی کورد دا، نزیکەی 190 هەزار هاونیشتمانی کۆمەڵکوژ، بێسەروشوێن و زیندە بەچاڵکران.
 
ئەو رووفاتانەی لە پڕۆسەی ئەنفال و جینۆسایدکردنی کورد دا تەرمەکانیان لە بیابانەکانی عێراقەوە تاوەکو ئەمڕۆ گەڕێندراونەتەوە لەم ناوچانە بەخاکسپێردراون:
 
چەمچەماڵ: 1010 رووفات
بادینان: 696 رووفات (بارزانییەکان)
گەرمیان: 399 رووفات
دووکان: 256 رووفات
تۆپزاوە: 80 رووفات
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.