نێچیرڤان بارزانی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات قەرەبووی قوربانییانی ئەنفالی بادینان بکاتەوە

25-08-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو-هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی 37 ساڵەی ئەنفالی بادینان دا داوا دەکات بەغدا قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە و دەشڵێت، "ئەنفال و هەموو ئەو تاوانانەی لە رابردوودا کراون، دەبێ ببنە وانە و پەندیان لێ وەربگیرێت." 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 25-08-2025، لە پەیامێکدا بۆ یادی 37 ساڵەی ئەنفالی بادینان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بە رێزەوە هەموو شەهیدانی بادینان و کوردستان بەگشتی بەبیر دەهێنینەوە."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ ژمارەیەک رووفاتی شەهیدانی ئەو تاوانکارییە لە دەڤەری بەری گارە، دوای رێکارە یاسایی و پزیشکییەکان لە رێوڕەسمێکدا بە خاک دەسپێردرێن و گوتی: "ئەمە ستەملێکراویی گەلێک نیشان دەدات."
 
نێچیرڤان بارزانی باسی لە مێژووی تاوانەکە کرد و گوتی: "ئەنفالی بادینان تاوانێکی دیکەی زنجیرە تاوانەکانی دەسەڵاتدارانی ئەوسای عێراق بوو دەرهەق بە گەلی کوردستان، کە لە 25ـی ئاب تا 6ـی ئەیلوولی 1988 لە دوا قۆناخی ئەنفالدا، خەڵکی سڤیل و خاک و هەوا و ژینگە و سرووشتی بادینانی گرتەوە."
 
لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "داواکاریمان لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دووپات دەکەینەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی ئەنفالی بادینان و هەموو قوربانییانی تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراق." هەروەها جەختی کردەوە، "دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ئەنفالی بە جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناساندووە، بۆیە مافی قوربانییانە بە هەموو شێوەیەک قەرەبوو بکرێنەوە."
 
نێچیرڤان بارزانی گوتی: "رابردووی تاڵی عێراق، جگە لە ماڵوێرانی هیچی تری بۆ عێراق و عێراقییەکان نەهێنا. ئەنفال و هەموو ئەو تاوانانەی لە رابردوودا بەرامبەر بە گەلی کوردستان کراون، دەبێ ببنە وانە و پەندیان لێ وەربگیرێت و ببنە هۆی مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای پێکەوەکارکردنی لایەنەکانی کرد بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر و رایگەیاند: "جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی وڵات و پێکەوەکارکردنی هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەینەوە، تا پێکەوە ئێستا و داهاتوویەکی باشتر بنیات بنێین."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چیرۆکی پەیام و باوکی، لەگەڵ ئەوانەی بەخشینی ئەندامانی جەستە ژیانی بۆ گەڕاندوونەتەوە

بەڵگەفیلمی ژیان بەخشین؛ ئەندامێکی جەستە دەبێتە چرایەک بۆ ژیانێکی دیکە

چیرۆکێکی دیکەی بەڵگەفیلمەکە باسی بەرهەم محەممەد دەکات، کە یەکێکە لە وەرگرانی گورچیلە. دوای ئەوەی لە بەخشەرە دەرەکییەکان نائومێد دەبێت و چەند کەسێک لە بڕیاری بەخشینی گورچیلە پەشیمان دەبنەوە، براکەی دێتە پێش و بێبەرامبەر گورچیلەیەکی خۆی پێدەبەخشێت. بەرهەم دەڵێت، "ئەم ژیانەی ئێستا هەمە، قەرزاری ئازایەتی و دڵسۆزیی براکەمم".