رووداو دیجیتاڵ
پڕۆفیسۆر دکتۆر یان ئیلهان کزڵهان، دەروونناس و پسپۆڕی ترۆما دەڵێت، هەرچەندە ململانێی چەکداری کۆتایی هاتووە، بەڵام "جینۆسایدی ئێزدییەکان بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە،" بەڵکو سیمای گۆڕیوە بۆ "جینۆسایدێکی بێدەنگ" کە لە رێگەی لەنێوبردنی کولتوور و برینە دەروونییە قووڵەکانەوە بەردەوامە.
کزڵهان کە خۆی کوردێکی ئێزدییە و یارمەتیی رزگاربووانی ئێزدی دەدات، ئەمڕۆ دووشەممە لە گوتارەکەیدا لە "کۆنفرانسی ئەکادیمیی نێودەوڵەتی لەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان" گوتی: "سیمای جینۆسایدەکە لە دڕندەیی کوشتنی بەکۆمەڵەوە گۆڕاوە بۆ پووکانەوەی هێواشی کولتوور، لە وێرانکاریی دیارەوە بۆ برینی دەروونیی نادیار و درێژخایەن."
"رزگاربووان لەڕووی بایۆلۆجییەوە خێراتر پیربوون"
پڕۆفیسۆر کزڵهان ئاشکرای کرد، لێکۆڵینەوە کلینیکییەکان ئەنجامی شۆکهێنەری دەروونی و بایۆلۆجییان لەسەر رزگاربووان دەرخستووە و گوتی: "زیاتر لە 80%ی رزگاربووان نیشانەکانی گوشار و ناڕێکیی دەروونیی دوای کارەساتیان هەیە، نزیکەی 60% بەدەست خەمۆکیی تووندەوە دەناڵێنن و نزیکەی 50% بیریان لە خۆکوشتن کردووەتەوە."
ئەو پسپۆڕەی بواری گوشاری دەروونی ئاماژەی بە توێژینەوەیەکی نوێ کرد و گوتی: "توێژینەوەکەمان دەریخستووە رزگاربووان تووشی پیربوونی بایۆلۆجیی پێشوەختە بوون، بە تێکڕا چوار ساڵ لەڕووی بایۆلۆجییەوە پیرترن لەو رزگاربووانەی نیشانەکانی گوشاری دەروونییان (ترۆما) نییە. ئەمە واتە ئەوەیە کە ئەو ئێزدییانەی لەژێر دەستی داعشدا بوون، بەهۆی گوشارە دەروونییەکانەوە خێراتر پیربوون."
"جینۆسایدی بێدەنگ" لە شنگال و کەمپەکان
کزڵهان رەخنەی لە رەوشی ئێستای شنگال گرت و گوتی، هەرچەندە داعش لەڕووی سەربازییەوە تێکشکاوە، بەڵام دۆخی دوای شەڕ "جینۆسایدێکی بێدەنگ"ی دروستکردووە.
بە گوتەی کزڵهان، "لە شنگال، ئاوەدانکردنەوە وەستاوە، خزمەتگوزاریی گشتی نییە و میلیشیا رکابەرەکان کێبڕکێ لەسەر کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە دەکەن. لەنێوان 250 هەزار بۆ 300 هەزار ئێزدی هێشتا ئاوارەن و لە پەناگە کاتییەکاندا دەژین" کە مەبەست لێی کەمپەکانە.
ئەو هاونیشتمانییە ئەم دۆخە بە "قۆناخی دووەمی جینۆسایدەکە" ناودەبات کە بریتییە لە "لەنێوبردنی گەلێک لە رێگەی سڕینەوەی هێواشی ناسنامەکەیانەوە، لەگەڵ پووکانەوەی نەریتە زارەکییەکان، زمان و رێوڕەسمەکان."
"پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئێزدییەکان وەک پێکهاتەیەکی ئایینی دەمێننەوە؟"
پڕۆفیسۆر کزڵهان، لە شاری دهۆک ناوەندێکی چارەسەری دەروونی بۆ ئەو کەسانە کردووەتەوە کە بەهۆی کارەسات و رووداوی ناخۆش تووشی گوشاری دەروونی دەبن، هۆشداریی دا لە کۆچی بەردەوامی ئێزدییەکان و گوتی: "لە ساڵی 2014ـەوە زیاتر لە 200 هەزار ئێزدی عێراق و کوردستانیان جێهێشتووە کە گەورەترین کۆچە لە 800 ساڵدا. پرسیارە سەرەکییەکە ئێستا بوون و نەبوونە: ئایا ئێزدییەکان وەک گرووپێکی ئایینیی جیاواز دەمێننەوە؟ ئایا لە 60 یان 80 ساڵی داهاتوودا زمان و رێوڕەسم و نەریتەکانیان بەردەوام دەبن یان لەنێو کۆمەڵگە خانەخوێیەکاندا دەتوێنەوە؟"
ئەو پسپۆڕە کوردە کە ئاداری ئەم ساڵ، لە بەرامبەر خزمەتی 25 ساڵەی ئەو لە بواری چارەسەریی دەروونیدا، بە تایبەتی خزمەتکردنی کوردانی ئێزدی، لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەرلین، خەڵاتی شانازیی ئەڵمانیای پێدرا، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە تەنیا بە دانپێدانان بە جینۆسایدەکە نەوەستن و گوتی: "دانپێدانان بێ هەنگاوی بەردەوام، بەتاڵە. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مافی گەڕانەوە و ئاوەدانکردنەوە لە شنگال گەرەنتی بکات، دڵنیابێتەوە لەوەی تاوانباران دەهێندرێنە بەردەم دادگا و پشتگیریی دەستپێشخەرییە کولتووری و پەروەردەییەکانی ئێزدییەکان بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ