رووداو دیجیتاڵ
خوشکی گەورەی لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت، هێزێکی ئەمنی لە گوندی کەلکان لە سنووری دووکان دەستی بەسەر خانووەکەیاندا گرتووە و سێ پاسەوانیان دەستگیرکردوون. میدیای یەکێتییش دەڵێت، "هێز نەجووڵاوە."
ئەمڕۆ دووشەممە ئاواز شێخ جەنگی، خوشکی لاهوور شێخ جەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەگەڵ ماڵەکەی کاک ئارازی برامدا، ماڵی ئێمە و دکتۆر ئاسۆی براشمان لە گوندی کەلکان دەستیان بەسەردا گیراوە."
خوشکەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت، "هەموومان لەسەر وەسێتی باوکمان یەکی خانوویەکی دوو ژووری و باخێکمان لە گوند هەیە، هێزەکە ئەمڕۆ داویانە بەسەریاندا و ئێستاش نازانین بۆ؟ لە کاتێکدا من سڤیلم و ئەندامی خوولی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان بووم."
ئاواز شێخ جەنگی، لە خوولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستاندا لە ساڵی 2013 بووەتە ئەندامی پەرلەمان و دەڵێت، "هاوژینەکەم لە ساڵی 1978 بووەتە پێشمەرگە، بەڵام چەند ساڵێکە دانیشتووە و لە بەریتانیا دەژین، ئێستاش نازانین بۆ دراوە بەسەر ئەو خانووەماندا."
خوشکەکەی لاهوور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەش کرد، "سێ پاسەوانمان هەبووە، کە یەکێکیان لەسەر میلاکی من بە فەرمی حکومەت دابینی کردووە و دووانیشی هاوژینەکەم، ئەمڕۆ هەرسێکیان دەستگیر کراون."
ئاواز شێخ جەنگی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات وەڵامیان بداتەوە، "ئەو هێزە هێزی کوێن و کێ مووچەیان پێدەدات، چۆن دەبێت کارێک بکەن ژیان و ماڵی هیچ کەسێک پارێزراو نەبێت؟"
هەر ئەمڕۆ ئاراس شێخ جەنگی، برای لاهوور شێخ جەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هەمان گوند هێزێکی کۆماندۆ داویانە بەسەر ماڵەکەمدا."
گوندی کەلکان سەر بە ناحیەی خدرانە لە قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی. رێبوار باداوان، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاگاداری ئەوە نیم هێز چووبێتە گوندی کەلکان."
هەر ئەمڕۆ میدیای فەرمیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە زاری هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاویکردەوە، بەرامبەر ماڵی "داواکراوانی راکردووی یاسا، هیچ هێزێکی ئەمنی جووڵەی پێنەکراوە."
دوای راگەیێندراوەکەی میدیای یەکێتی، ئاراس شێخ جەنگی لە فەیسبووکی خۆیەوە رایگەیاند، "ئەگەر نەدراوە بەسەر ماڵماندا، رێگە بدەن رۆژنامەڤانان بچنە گوندەکە و وێنە و ڤیدیۆ بگوازنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ