رووداو دیجیتاڵ
دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوو نووسراویان لەسەر دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی ئاراستەی داواکاری گشتی و ئاسایشی سلێمانی کردووە و، داوای بینینی لاهوور شێخ جەنگییان کردووە.
سلێمان سندی، گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە 25-08-2025 لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، دوای وەرگرتنی سکاڵایەک لە "بەرەی گەل"، دوو نووسراوی فەرمییان ئاراستەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی و دەزگای ئاسایشی سلێمانی کردووە.
گوتەبێژی دەستەکە گوتی، "داوامان کردووە سەردانی لاهوور شێخ جەنگی بکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاسایشی سلێمانی بە فەرمی رێگەی پێنەداوین."
دوای ئەوەی دوێنێ شاندێکی "بەرەی گەل" سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیان کرد، سکاڵایەکیان لەبارەی رووداوەکانی لالەزار لە سلێمانی و دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی تۆمار کرد، ئەمڕۆ دەستەکە هەنگاوی کرداریی ناوە.
سلێمان سندی، ناوەڕۆکی هەنگاوەکانیان و داواکارییەکانیانی ئاشکرا کرد. بە گوتەی ئەو، دەستەکەیان دوو نووسراوی جیاوازی ئامادە کردووە؛ یەکێکیان بۆ سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی لە هەولێر و ئەوی دیکەیان بۆ دەزگای ئاسایشی سلێمانییە.
گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ گوتی، "بەرەی گەل داوایان کردووە پاڵپشتییان بکەین بۆ رێکخستنی دیدارێک لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی، ئێمەش لە رێگەی نووسراوێکەوە داواکارییەکەمان ئاراستەی ئاسایشی سلێمانی کردووە."
سلێمانی سندی ئاماژەی بەوەش کرد، داوایان لە دەزگای ئاسایش کردووە ئاماری ورد و دروستی کوژراو و دەستگیرکراوانی رووداوەکەیان پێ بدەن، لەبەر ئەوەی "نابێت ئامارێک بڵاوبکەینەوە بێ ئەوەی راستییەکەی بۆمان دەرکەوێت، چونکە دەستەیەکی بێلایەنین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتەبێژی دەستەکە ئەوەی ئاشکرا کرد، هەر لە دوێنێوە وەکو دەستە داوایان کردووە سەردانی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی دیکەی رووداوەکە بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە. سلێمان سندی گوتیشی، "قسەم لەگەڵ دەزگای ئاسایشی سلێمانی کرد، پێیان راگەیاندم لە ماوەیەکی نزیکدا وەڵاممان دەدەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نە رەتیان کردووەتەوە و نە رەزامەندیش بوون."
بەرەبەیانی رۆژی 22-08-2025 هێزەکانی دژە تیرۆر، کۆماندۆ و ئاسایشی سلێمانی، بۆ دەستگیرکردنی "چەند داواکراوێک" هەڵیانکوتایە سەر هوتێل لالەزار لە شاری سلێمانی، دوای سێ کاژێر رووبەرووبوونەوە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزی دووپشک دەستگیرکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ