نێچیرڤان بارزانی: بۆ مووچە هەرکات پێویست بێت دەچمە بەغدا

25-08-2025
سۆران حوسێن
نێچیرڤان بارزانی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد
نێچیرڤان بارزانی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای بەشداربوونی لە کۆنفرانسی جینۆسایدی ئێزدییان لە زانکۆی کوردستان لە شاری هەولێر، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە هەوڵەکانی دابینکردنی مووچە، دۆخی سلێمانی و هەناردەکردنەوەی نەوت کرد.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکی چڕدان؛ هیوادارین نزیکبین لەوەی بگەینە چارەسەرێک. کۆبوونەوەکان بۆ ئەو مەبەستە لە هەولێر و بەغداش بەردەوامن".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "کاری لەپێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە چۆن کێشەی مووچە چارەسەر بکات. من خۆم وای دەبینم لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێ".
 
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی رووداوەکانی 22ـی ئاب لە سلێمانی گوتی: "پەیاممان لەسەر رووداوەکانی سلێمانی هەبووە. ئەوەی لای ئێمە گرنگە هەموو بابەتەکان بەشێوەیەکی یاسایی بەڕێوەبچن".
 
لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "لە دانوستاندنێکی زۆر چڕداین. دوو رۆژ لەمەوبەر لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا قسەم کرد لەسەر ئەو بابەتە. لەگەڵ کۆمپانیاکانیش قسەمان کردووە. هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە بە زووترین کات ببینین نەوت لە بۆریی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێتەوە".
 
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "گفتوگۆ لەنێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامە، بەڵام هیچ کاتێک دیار نییە و ئەوەی هەیە گفتوگۆیەکی تەواو هەیە".
 
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکی دیکەدا لەبارەی رووداوەکانی سلێمانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئینشاڵڵا چارەسەر دەبێت. ئەوەی گرنگە سەروماڵی هاووڵاتییان بپارێزرێ و بابەتەکە رێڕەوی یاسایی وەربگرێت. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە دەبێت یاسا سەروەر بێت".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و باکووری کوردستان بەمشێوەیە وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە: "هەنگاوی باش چووەتە پێش، پرۆسەیەکی ئاسان نییە بە شەو و رۆژێک بچێتە سەر، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە راستە پڕۆسەکە خاوە، بەڵام هەنگاوی جیدی هەیە".
 
لەبارەی سەردانی بۆ بەغدا و گفتوگۆکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "نیازمان هەیە و دەچین، نازانم کەی دەچین، بەڵام بەغدا پایتەختی ئێمەیە و هەرکات پێویست بێت دەچین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.