دەزگای ئاسایش: تۆمەتبارانی لالەزار پیلانی تیرۆرکردنی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان هەبووە

25-08-2025
پەیمان محەممەد
هۆتێل لالەزار لە سلێمانی دوای شەڕەکە
هۆتێل لالەزار لە سلێمانی دوای شەڕەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) دەڵێ، لە شەڕەکەی لالەزاردا دەست بەسەر درۆنی بۆمبڕێژکراو، چەندین جۆر چەکی نیشانەشکێن و بێدەنگدا گیراوە. ئاماژە بەوەش دەکات، دەستگیرکراوانی لالەزار "پیلانی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی و تەقاندنەوەی گرتووخانەیەکی سلێمانییان هەبووە".
 
ئەمڕۆ دووشەممە، عەقید سەلام عەبدولخالق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، لەبارەی شەڕەکەی لالەزارەوە رایگەیاند: ''ئەگەر داواکراوان بە شێوەیەکی مەدەنییانە خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکان کردبایە، بە هیچ شێوەیەک رووبەڕووبوونەوەی سەربازی رووینەدەدا.''
 
سەلام عەبدولخالق گوتی: ''ئەو کەسانە بە چەندین شێوەی مەدەنی و سێجار بە تەلەفۆن لەلایەن ئاسایشەوە پەیوەندییان پێوە کرا کە خۆیان رادەستی لایەنی پەیوەندیدار بکەن، هەروەها بە بڵندگۆ ئەو داوایەیان لێکرا، بەڵام رەتیان کردەوە.''
 
شەوی 21-08-2025 هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی داوای خۆبەدەستەوەدانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل-یان کرد و گوتیان، فەرمانی دەستگیرکردنیان پێیە، ئەویش رەتیکردەوە.
 
دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە و گیانلەدەستدانی سێ کارمەندی هێزە ئەمنیییەکان و دوو پاسەوانی لاهوور شێخ جەنگی، شەڕەکە کۆتاییهات، لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکرا.
 
''پیلانیان هەبوو سەرۆکی یەکێتی تیرۆر بکەن''
 
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) ئاماژەی بەوە کرد: ''تۆمەتباران چەندین رۆژ لەژێر چاودێریدا بوون، پلانیان بۆ تیرۆرکردنی [بافڵ جەلال تاڵەبانی] سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دانابوو.''
 
بەگوتەی عەقید سەلام عەبدولخالق، ژمارەیەک لە دەستگیرکراون لە دانپێدانانەکەیاندا ئاماژەیان بەو پیلانە کردووە کە بەمزووانە وردەکارییەکانی بڵاودەکرێتەوە.
 
ئەوەشی خستەڕوو، چەند کەسێک پیلانەکەیان بۆ تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی داڕشتووە، ''بەڵام بەدیاریکراوی ئەو هێزانەی وەکو میلیشیا ناویان دەبەین و دروستیان کردبوو، هەروەها ئەو کەسانەی کە ناویان لە فەرمانی دەستگیرکردنەکەدا هەبوو، تێوەگلابوون.''
 
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) بەبێ ئاماژەدان بە هیچ ناوێک گوتی، جگە لە بافڵ تاڵەبانی، پیلانی تیرۆرکردنی کەسانی دیکەشیان هەبووە کە لە داهاتوودا دانپێدانانەکانیان بڵاودەکرێتەوە. 
 
وەک عەقید سەلام ئاماژەی دا، بەگوێرەی دانپێدانانەکان، لەڕێگەی بەکارهێنانی درۆنی بۆمبڕێژکراو، پیلانی تەقاندنەوەی یەکێک لە گرتووخانەکانی سلێمانییان هەبووە، ''ئەمە هۆکارە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایش کە بە دانپێدانان هەیە.''
 
چەند کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە شەڕی لالەزاردا بەشداربوون؟
 
عەقید سەلام باسی لە ژمارەی ئەو هێزە ئەمنییانە کرد کە لە شەڕەکەی لالەزاردا بەشدار بوون و گوتی: ''بە دیاریکراوی ژمارەیان لەنێوان 150 بۆ 200 کەس دەبوو.''
 
عەقید سەلام عەبدولخالق باسی لەوە کرد لە ئەنجامی شەڕەکەدا، سێ کەس لە هێزە ئەمنییەکان و دوو کەس لە بەرەی لالەزار کوژراون و رەتی کردەوە ژمارەی برینداران لە 19 کەس زیاتر بێ.
 
بەشێک لە میدیاکان باس لە بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەک چەکداری نێو لالەزار دەکەن. گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) رایگەیاند: ''ئێمە بە فەرمی ئەمە رەتدەکەینەوە و بە هیچ شێوەیەک، هیچ کەسێک بێسەروشوێن نەبووە. رۆژانە بە دەیان کەسوکاری ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، پەیوەندیمان پێوە دەکەن و وەڵامیشیان دەدەینەوە.''
 
گوتیشی، ئێستا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی لالەزار بەردەوامە و تاوەکو کۆتایی پڕۆسەکە، کەسوکاریان ناتوانن دستگیرکراوان ببینن یان پەیوەندیی تەلەفۆنییان پێوە بکەن.
 
ئەو چەکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە چین؟
 
بەگوتەی عەقید سەلام عەبدولخالق، لە لالەزار دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر چەک، تەقەمەنی و ئامێری سەربازیدا گرتووە ''کە لە داهاتوودا ژمارە و جۆرەکانیان بە وردی بۆ رای گشتی دەخرێنەڕوو.''
 
پێشر ئاراس شێخ جەنگی، برای لاهوور بە رووداوی راگەیاندبوو، هێزە ئەمنییەکان لە شەڕەکەی لالەزاردا زیاتر لە 120 درۆنی بۆمبڕێژکراویان بەکارهێناوە. گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) رەتی دەکاتەوە و دەڵێت: ''بە هیچ شێوەیەک درۆنمان بەکارنەهێناوە، بەڵام ئێمە بەڵگەمان هەیە کە چەندین درۆنی خۆکوژی لەنێو لالەزاردا هەبوون.''
 
عەقید سەلام ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی دەانپێدانانی دەستگیرکراوان، بەرەی لالەزار یەکێک لە درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانیان تاقیکردووەتەوە، ''بەڵام لەلای خۆیان کەوتبووە خوارەوە و نەتەقیبووەوە.''
 
لەبارەی چەک و تەقەمەنییەکانی نێو لالەزار ئەوەشی خستەڕوو، ''دەست بەسەر چەکی ئێم فۆڕ، دۆشکە، نارنجۆک، بیکەیسی، چەکی نیشانەشکێن، چەکی بێدەنگ، هەروەها درۆنی خۆکوژیدا گیراوە.''
 
هەر لە کاتی شەڕەکەی لالەزاردا ژمارەیەک درۆن ئاراستەی دەباشان کران کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەیان لێکرا و خرانە خوارەوە. عەقید سەلام عەبدولخالق دەڵێت: ''لەو رۆژەدا سێ درۆن [بۆ سەر دەباشان] بەکارهاتن کە خەریکە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت، ئێستا سەرەداومان بەدەستهێناوە کە لە کوێوە ئاراستە کراون''.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) فەرمانی دەستگیرکردنەکەی لاهوور شێخ جەنگی و چەند داواکراوێکی دیکە بەگوێرەی مادەی 406 بووە لە یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە کوشتنی بەئەنقەست.
 
پێشتر حاکم سەلاح حەسەن، گوتەبێژی دادگەی سلێمانیش بە رووداوی گوتبوو، فەرمانی گرتنەکە بەگوێرەی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی بووە کە پەیوەستە بە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس و رێککەوتنیان لەسەر ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک کە سەرچاوەکانی یەکێتی دەڵێن، هەوڵی کودەتای داوە و ویستوویەتی ئاسایشی سلێمانی تێکبدات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.