رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان داوا لە مامۆستایان دەکات بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن. ئاماژە بەوەش دەکات، سێ دەوامی لە قوتابخانەکان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە و لە هەولێر "هەر نەماوە".
ئەمڕۆ دووشەممە، 25-09-2023، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی رێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەیەک لە گەڕەکی ژیانی شاری هەولێر کە لەلایەن گروپی کۆمپانیاکانی جیهان دروستکراوە، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
ئالان حەمەسەعید گوتی، پێشتر لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لە 139 قوتابخانە سێ دەوام دەکرا، ئێستا بۆ 11 قوتابخانە کەمبووەتەوە، ''تەنانەت لە گەرمیان کە ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانەکان سێ دەوامی بوون، دەزگای خێرخوازیی بارزانی 40 ژووری خوێندنی دروستکردووە، بۆ ئەوەی پڕۆسەی سێ دەوامی لەو ناوچانەش بگاتە کەمترین ئاست و ئێستا تەنیا دوو قوتابخانە ماون کە لەو سنوورە سێ دەوامین.''
دوێنێ یەکشەممەش قوتابخانەیەکی بنەڕەتی لە گەڕەکی ئۆزال ستی شاری هەولێر کرایەوە، کە لەلایەن گرووپی کۆمپانیاکانی 77ـەوە دروستکراوە. وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان گوتی، لە داهاتووشدا چەندین قوتابخانەی دیکە دەکرێنەوە.
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 رۆژی 13-09-2023، بەشێک لە مامۆستایانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەکانی مانگی حەوت و هەشت، بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد. مامۆستایانی وانەبێژ داوای دامەزراندن دەکەن و دەڵێن، تاوەکو دانەمەزرێن، واز لە گردبوونەوە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە ناهێنن.
ئالان حەمەسەعید گوتی: "لەگەڵ سەرجەم مافی مامۆستایانی میلاک و وانەبێژین، مووچە مافێکی بنەڕەتیی هەر کەسێکە، کە کار دەکات، بەڵام هەموومان ئاگادارین لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لەلایەن عێراقەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.''
زیاتر لە 36 هەزار وانەبێژ لە هەرێمی کوردستاندا هەن و پێشتر داوای دامەزراندنیان بەشێوەی گرێبەست دەکرد، وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی هەنگاویان بەرەو بەگرێبەستکردنی وانەبێژان ناوە، بەڵام ئێستا گرێبەستیش رەتدەکەنەوە و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن.
مووچەی وانەبێژان لەنێوان 200 بۆ 400 هەزار دیناردایە و بە گرێبەست یان دامەزراندنیان مووچەکەیان بەگوێرەی بڕوانامەکانیان زیاتر دەبێت. کۆی پارەی مووچەکەشیان لە مانگێکدا 13 ملیار و 200 ملیۆن دینارە.
بڕیارە رۆژی 30-9-2023 مووچەی مانگی حەوتی وەزارەتی پەروەردە دابەشبکرێت، بەشێک لە داواکارییەکانی مامۆستایانی میلاکیش وەرگرتنی مووچەیە کە نزیکەی سێ مانگە دواکەوتووە؛ وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان داوای لە مامۆستایان کرد بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن، بۆ ئەوەی پڕۆسەی خوێندن لەو ناوچانەش بەردەوام بێت، ''چونکە بایکۆت و داخرانی دەرگەکانی قوتابخانە، چارەسەری ئەم بابەتە ناکات.''
ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانەکان، بۆ دوانەکەوتنی ئەو ناوچانە لە خوێندن، دەسەڵات دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان بۆ رێکخستنەوەی دەوامیان.
دوای سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت بۆ تاوتوێکردنی پرسی بودجە و چارەسەرکردنی کێشەکان، دوێنێ یەکشەممە 24ـی ئەیلوول، بڕی 250 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی، وەزارەتەکە لە هەمان رۆژدا لیستی نوێی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوە، کە لە ماوەی 14 رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت و بەپێی خشتەکە، شەممە 30ـی ئەیلوولی 2023، مووچەی مامۆستایان دەدرێت، بەڵام تائێستا بڕیاریان لە گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن نەداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ