نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان دابەزی

25-09-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە هەولێر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ 75 دینار و لە سلێمانی 25 دینار دابەزی، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی دهۆکیش دەڵێت، "لیترێک زیاتر لە 200 دینار دابەزیوە. پێشبینیش دەکرێت نرخەکە زیاتر دابەزێت."
 
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2023، جەنگی مەجید، بازرگانی کڕین و فرۆشتنی بەنزین لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەراورد بە رۆژانی رابردوو، نرخی بەنزین زیاتر دابەزیوە و لیترێک نۆرماڵی عێراقیی 850 دینارە؛ بەنزینی نۆرماڵی کۆمپانیاکانی کار و لاناز بە 900 دینارە."
 
پێشتر نۆرماڵی عێراقی لە هەولێر لیتری 975 دینار و بەنزینی کار و لانازیش لیتری هەزار 25 بۆ هەزار و 40 دینار بوو. جەنگی مەجید دەڵێت، "دەرگا بۆ هاوردەکردنی بەنزین کراوەتەوە و پێشبینی دەکەم زیاتریش دابەزێت".
 
هەروەها بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ هەر لیترێک بەنزین لە جۆرەکانی موحەسەن، سوپەر و نۆرماڵ یەکی 25 دینار دادەبەزن؛ "نرخی لیترێک بەنزینی سوپەر لە هەزار و 350 دینارەوە دەبێتە هەزار و 325، موحەسەن هەزار و 200 دینارەوە دەبێتە هەزار و 175 و نۆرماڵیش لیتری هەزار دینارە و دەبێتە 975 دینار.
 
بەراورد بە شارەکانی دیکە لە دهۆک نرخ زیاتر دابەزیوە، موحسین تەها، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوو رۆژە نرخی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، پێشتر لیترێک نۆرماڵ بە هەزار و 100 دینار بوو، ئێستا بە 860 دینار بۆ 900 دینارە."
 
موحسین تەها ئاماژەی بەوەکرد، پێشبینی دەکات نرخی بەنزین زیاتر دابەزێت. هۆکارەکەشی گێڕایەوە بۆ ئازادکردنی هاوردەکردنی بەنزین و کەمبوونەوەی خواست لەسەری.
 
لە هەرێمی کوردستان جگە لە بەنزینی بازرگانی، بەنزینی حکومیی هەیە کە بەشێکی حکومەتی عێراق و بەشێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینی دەکەن، بەڵام بۆ وەرگرتنی بەنزینەکە کە لیتری 750 دینارە، شۆفێران دەبێت چەند کاژێرێک نۆرەبگرن و لە هەموو جێگەیەکیش بەردەست نییە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.