رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە، کە خاوەن و ئەدمینی 12 چەناڵی تەلەگرام بووە و ڤیدیۆی نەشیاوی چەندین کەسی تێیاندا بڵاوکردووەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 25-9-2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی کەسێک بە ناوی ( ک. م. م) راگەیاند کە "خاوەنی چەندین چەناڵی تەلەگرام بووە و دەڵێت: "بە فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر ئەو تۆمەتبارە لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکرا، پێشووتر لەلایەن دادخوازێک سکاڵای لەسەر تۆمارکرابوو."
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی هەولێر، ئەو تۆمەتبارە خاوەنی پێنج گرووپ و ئەدمینی حەوت گرووپی دیکە بووە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام. ئەو کەسە لە رێگەی ئەو گرووپانەوە ڤیدیۆی نەشیاوی چەندین ئافرەتی بڵاوکردووەتەوە و لە کاتی دەستگیرکردنیدا دەرکەوتووە، دەیان ڤیدیۆی دیکەی لەسەر مۆبایلەکەی هەبووە.
دوو لەو گرووپانە بە ناوی دادگای CTS و دادگای CTS -1 بووە.
لە ماوەکانی رابردوودا، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کەسێک لەژێر ناوی "گۆڤەندی CTS" خۆی ناساندبوو، لەژێر هەڕەشەدا ڤیدیۆی نەشیاوی بە کوڕان و کچان دەکرد و بڵاویدەکردنەوە.
ئاسایشی گشتیی هەولێر داوا لەو کەسانەش دەکات، کە سکاڵایان هەیە لەبارەی ئەو کەیسەوە سەردانییان بکەن و سکاڵا تۆماربکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ