رووداو دیجیتاڵ
لە یادی رۆژی گشتپرسیی هەرێمی کوردستان، لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک چالاکی بەڕێوەچوو؛ پەیامنێری رووداو دەڵێت، ''لە شەقڵاوە ئاڵایەک لەسەر شان و دەستی پێشمەرگە گەڕێندرا کە درێژییەکەی 70 مەتر بوو''.
حەوت ساڵ بەسەر رۆژی گشتپرسیی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی تێدەپەڕێت، بەو بۆنەیەوە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک چالاکی بەڕێوەچوون. هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شەقڵاوە گوتی: ''وەکو یادکردنەوەیەک لە گشتپرسی، لە نێو بازاڕی قەزاکە ئاڵای پیرۆزی کوردستان بە درێژایی 70 مەتر و پانیی نزیکەی 12 بۆ 14 مەتر، لەسەر شان و دەستی پێشمەرگەکان گەڕێندرا.''
هەڵگرتنی ئاڵاکە بە ئامادەبوونی هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانی، بەرپرسانی کارگێڕیی قەزاکە و ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان بەڕێوەچوو.
هاوکات لە شەقامەکانی هەولێر یادی رۆژی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کرایەوە؛ ژمارەیەک بە سواری ئەسب، ماتۆڕسکیل و بە پێ، ئاڵای کوردستانیان هەڵگرت و بە شەقامەکاندا رۆیشتن.
پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، هاونیشتمانیان لە نزیک چایخانەی مەچکۆ و قەڵای هەولێر گردبوونەوە و بە هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان و لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی یادی رۆژی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستانیان کردەوە.
هەوروەها لە هەولێر پێشانگەیەک بەو بۆنەیەوە کرایەوە کە 18 وێنەی کەسایەتییە ناسراو و کاریگەرەکانی کورد تێیدا نمایشکران؛ ڤەژین موڕاد، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، وێنەکان لە کریستاڵ دروستکراون و پێشانگەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە کاژێر 16:30 تاوەکو 19:00 بەردەوام دەبێت، دواتر بۆ هەفتەیەک لە کاژێر 09:00 تاوەکو 13:00 دەکرێتەوە.
هاوژین، ئەو هاونیشتمانییەی وێنەکانی لە کریستاڵ دروستکردووە بە رووداوی گوت: ''پێویستە لە رۆژێکی ئەوهادا، نەوەی نوێ نەوەی پێشووی لە یاد بێت و بزانێت بە ماندووبونی ئەوانە کە ئێمە گەیشتوون بەو دۆخەی ئێستا.''
هاوژین گوتیشی، ناساندنی کەسایەتییەکانی کورد لە ساڵیادی گشتپرسیی هەرێمی کوردستاندا بە کارێکی گونجاو دەزانێت و ''ئەوە یەکەمجار و یەکەم کاری لەو شێوەیەیە کە لە کوردستان و عێراق دەکرێت.''
رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017، گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوو، کە تێیدا زیاتر لە 72٪ـی ئەو هاونیشتمانییانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، بەشدارییان لە گشتپرسییەکەدا کرد و، 92.7٪ـی بەشداربووان بە 'بەڵێ' دەنگیان بۆ جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق دا.
لە یادی رۆژی گشتپرسیی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "ئازادی لە بەهادارترینەکانی ژیانە، بۆیە نرخەکەی گەلێک گرانە".
— Rudaw (@Rudawkurdish) September 25, 2024
تەواوی پەیامەکەی بخوێنەوە:https://t.co/cQlRQ8wlcD pic.twitter.com/OLJvu5r3F4
دوای ئەنجامدانی گشتپرسییەکە، حکومەتی عێراق و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە گوشارێکی زۆریان لەسەر هەرێمی کوردستان دروستکرد، لەوانەش داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لەلایەن تارانەوە و داخستنی فڕۆکەخانەکان لە لایەن بەغداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ