رووداو دیجیتاڵ
بە بەشداریی کۆمەڵێک کوردناس، زمانناس و لێکۆڵینڤان، کۆنفرانسی کوردناسی لە زانکۆی ئەمریکی- سلێمانی بەڕێوەدەچێت. سەرۆکی زانکۆکە دەڵێت، کۆنفرانسەکە سێ رۆژ دەخایێنێت و ژمارەیەک چالاکیی هونەری و پێشانگەی کتێبیش لەخۆدەگرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 25-09-2025، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران و توێژەرانی کورد و بیانی لە زانکۆی ئەمریکی - سلێمانی، کۆنفرانسی کوردناسی دەستیپێکرد کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر بواری زمان، سیاسەت، کولتوور و کۆمەڵگەی کوردی.
د. بیلال وەهاب، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، لەبارەی ئامانجی کۆنفرانسەکەوە بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ''دیدارەکە بریتییە لە ناساندنی سەنتەری کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکی کە شاکارە ئەدەبییەکانی کوردی وەرگێڕاوەتە سەر زمانە جیهانییەکان بەتایبەتی ئینگلیزی.''
د. بیلال وەهاب ئاماژەی بەوە کرد، ''ئامانجمانە نەوەیەکی نوێ لە کوردناسان بناسێنین کە خۆیان کوردن و کوردناسی دەگەڕێننەوە بۆ کورد و کوردستان، بۆ ئەوەی لە چاوی خۆمانەوە بابەتە کوردییەکان بە دەرەوە بناسێنین.''
سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی گوتی، زانکۆکە گرنگییەکی زۆر بە پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێ و خزمەتکردن بە کۆمەڵگە دەدات، ''بۆیە جیا لە بابەتە ئەکادیمییەکە، حەوت یان هەشت پێشانگەی هونەریی و کتێب لە کۆنفرانسەکەدا بەڕێوەدەچن، کە تێیاندا زیاتر لە 20 نووسەر کتێبەکانیان بڵاو دەکەنەوە.''
بەگوتەی د. بیلال وەهاب، کۆنفرانسەکە بۆ سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و لە دوایین رۆژیشدا، کۆنسێرتێک لەلایەن گرووپێکی هونەرییەوە بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ