رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، کاژێر 12:00ـی شەوی سبەی هەینی دوایین کاتە بۆ ئەو هاونیشتمانیانەی دەیانەوێت داواکاری بۆ حەجی ساڵی داهاتوو پێشکێش بکەن.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو وادەیەی بە فەرمانی وەزیری ئەوقاف بۆ تۆمارکردنی چوونە حەج درێژکرابوویەوە، سبەی کۆتایی دێت و لەو درژێکردنەوەشدا هەزاران کەس خۆیان تۆمار کردووە".
تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 60 هەزار فۆڕمی چوونە حەج پڕکراونەتەوە، لەو ژمارەیە تەنیا ئەمڕۆ 236 داواکاری بۆ چوونە حەج تۆمار کراوە.
کاروان ستوونی گوتی: "فۆڕمەکانی داواکاری حەج بەشێکیان بۆ دوو کەسن، بۆیە ئەو کەسانەی داوای چوونە حەجیان کردووە زیاتر لە 87 کەسی تێپەڕاندووە".
گوتەبێژی حەج و عومرە کە بۆ رێکارەکانی حەجی ساڵی داهاتوو ئێستا لە سعودیەیە و سەرقاڵی ئامادەکارییە دەڵێت: "ئامادەکاری زۆر باشمان کردووە، هۆتێلی نزیک و خواردنی زۆر باشتر لە پێشوو بۆ ئەو هاونیشتمانیانە دابیندەکرێت کە ساڵی داهاتوو حەج دەکەن".
ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار، ناونووسین بۆ حەج کرایە ئەلیکترۆنی، پێشتر لەڕێگەی فۆرمی دەستییەوە دەکرا و هەرکەسێکیش دەبوو 25 هەزار دینار رسومات بدات.
رۆژی 25-09-2024، تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە ساڵی 2017 و 2023 ناوی خۆیان تۆمار کردبوو بۆ چوونە حەجی ساڵی 2025 و لەو ژمارەیە کە زیاتر بوون لە 120 هەزار هاونیشتمانی، 5 هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ