رووداو لە سلێمانی دیداری کوردناسی بەڕێوەدەبات؛ 'پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێی کوردناس گرنگە'

25-09-2025
پەیمان محەممەد
دیداری کوردناسی لە زانکۆی ئەمریکی
دیداری کوردناسی لە زانکۆی ئەمریکی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رووداو لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی دیداری کوردناسی بەڕێوەبرد، زمانناسێکی هۆڵەندی دەڵێت، لە ئەورووپا گرنگییەکی ئەوتۆ بە کوردناسی نەدراوە. سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانیش دەڵێت، پێویستە لە کوردستان نەوەیەکی نوێی کوردناس پەروەردە بکرێت.
 
شەوی چوارشەممە، 24-09-2025، تۆڕی میدیایی رووداو لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، بە میوانداریکردنی هەر یەک  لە د. بیلال وەهاب، سەرۆکی زانکۆکە، ئیدی کاشی، رۆژنامەڤان و فیلمسازی ئەمریکی، ماری لابرۆس، بەڕێوەبەری دامەزراوەی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، د. فەرهاد شاکەلی، ئەکادیمیستی کورد، مایکڵ لیزنبێرگ، زمانناس و کوردناس و هەروەها فاتیمە ساڤجی، نووسەر و شاعیری کورد، دیدارێکی بە ناوی ''دیداری کوردناسی'' بەڕێوەبرد.
 
''تاوەکو ئێستا پەرە بە کوردناسی نەدراوە''
 
لە دیدارەکەدا کە رەنج سەنگاوی پێشکێشیکرد، تیشک خرایە سەر رەهەندە جیاوازەکانی کوردناسی. مایکڵ لیزنبێرگ، زمانناس و کوردناسی هۆڵەندی رایگەیاند، لە هۆڵەندا تاوەکو ئێستا کوردناسی بە شێوەی فەرمی کاری لەسەر نەکراوە، چونکە بە فەرمی وڵاتێک بە ناوی کوردستان نییە.
 
مایکڵ لیزنبێرگ  ئاماژەی بە ژێردەستەبوونی کورد کرد لە سەدەی رابردوودا و گوتی، ''بەهۆی ئەوەی کورد لەلایان ئێران، عەرەب و تورکیاوە چەوسێندراوەتەوە، هێنانە کایەی کوردناسی بە شێوەی ئەکادیمی لە ئەورووپاش نەکراوە و تاوەکو ئێستاش زۆر کەمە.''
 
بەگوتەی ئەو زمانناس و کوردناسە، لەکاتی شەڕی سارد دا لەنێوان بلۆکەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا بە سەرکردایەتیی یەکێتیی سۆڤییەت و ئەمریکا، کاریگەریی کوردناسیی یەکێتیی سوڤییەت بەسەر لێکۆڵینڤانانی کورد دا زۆر دیار بوو، ''رۆژهەڵاتناسیی سۆڤییەت بۆ کورد زۆر گرنگە و پێویستە شارەزای بن.''
 
مایکڵ لیزنبێرگ کاریگەریی کوردانی دیاسپۆڕا لەسەر ناساندنی کورد بە جیهان ئاماژەی بەوە کرد، لە سوێد و پاریس بەشی کوردی لە زانکۆکاندا هەبوون، ''بەڵام بەداخەوە لە زانکۆکانی هۆڵەندا کوردناسی نەبوو. ئێمە لە ساڵی 1990 داوامان کرد بەشێک بۆ ئەو مەبەستە بکرێتەوە، بەڵام ئەوکاتیش جێبەجێ نەبوو، ئێستاش دۆخەکە خراپترە.''
 
''تاکەکان لەسەر کوردناسی کار دەکەن نەک دامەزراوەکان''
 
لە بەشێکی دیدارەکەدا فاتیمە ساڤجی، نووسەر و شاعیری کورد گوتی، ''کوردستان داگیر کراوە و ئێمە خاوەنی وڵاتێکی ئازاد، یان دەوڵەت نین، ئەوە لەکاتێکدایە تەنیا گەلانی خاوەن دەوڵەت دەتوانن نوێنەرایەتییان لە جیهاندا هەبێت و بناسرێن.''
 
فاتیمە ساڤجی ئەوەشی خستەڕوو، ''من وەک شاعیرێک، خۆم بە نووسەری بەرخۆدان دەزانم، چونکە شیعرێک دەنووسم بۆ ئەوەی دەرخەری بوونمان بێت، دەرخەری بوونی زمان، کولتوور و ناسنامەمان بێت.''
 
ئەو شاعیرە کوردە جەختی لەوە کردەوە، بۆ ناساندنی کورد بە جیهان، ''پێویستە سەرەتا ئەوە قبووڵ بکەین کە وڵاتێکی داگیرکراوین، بەڵام نابێ دواتر بەوە بوەستین و دەبێ خۆمان وەک تاک هەوڵ بۆ کوردناسی بدەین.''
 
بە گوتەی فاتیمە ساڤجی، تاوەکو ئێستا بەگشتی تاکەکان لەسەر کوردناسی کار دەکەن، نەوەک دامەزراوەکان، ''بەڵام لە باشووری کوردستان هەندێک دامەزراوەی کوردناسی هەن و گەنجانی کورد پڕ وزەن بۆ داکۆکیکردن لە دۆزی کورد.''
 
''پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێی کوردناس گرنگە''
 
د. بیلال وەهاب، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی لە دیدارەکەدا رایگەیاند، ''دیداری کوردناسی کارێکی نوێێە و خزمەتی بواری کوردناسی دەکات. گرنگە نەوەیەکی نوێی کوردناس، لەنێو گەنجانی کورد پەروەردە بکەین.''
 
بیلال وەهاب باس لەوە دەکات، گەنجان جۆرێکی جیاواز لە کوردایەتییان خوڵقاندووە، ''لە گەنجانی خۆماندا جۆرێک لە کوردایەتی دەبینم کە رەنگدانەوەی لە دۆخی سیاسیی کوردستاندا نییە. واتا ئەم نیشتمانپەروەری و کورددۆستییەی لەنێو ئەم نەوەیەدا هەیە، لە ئاوێنەی سیاسی و حکومەتدا خۆی نابینێتەوە.''
 
بە گوتەی سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، گەنجان باش لە کوردناسی و دۆزی کورد تێگەیشتوون و ''ئەوەی ئەوانە باسی دەکەن، لەگەڵ ئەوەی کە لایەنە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا بەکاریدەهێنن، جیاوازە.'' 
 
''کوردناسی و رۆژهەڵاتناسی سەرەتا بۆ سیخووڕی بووە''
 
هاوکات فەرهاد شاکەلی، نووسەر و کەسایەتیی ئەکادیمی، کوردناسی بە زانستێکی کۆن دەزانێت و دەڵێت، بەشێکە لە رۆژهەڵاتناسی.
 
وەک فەرهاد شاکەلی ئاماژەی پێدا، واتای زانستیی کوردناسی و رۆژهەڵاتناسی، ''هەمان سیخووڕییە، بەڵام ناکرێ هەموو کوردناسەکان بە جاسووس دابنرێن، چونکە هەن مرۆڤی باشن و دەیانەوێت کار بۆ گەلان بکەن، هەندێکیشیان راسپێردراون زانیاری لەسەر ئەو وڵاتانە بەتایبەتی کورد کۆ بکەنەوە.''
 
بە گوتەی ئەو ئەکادیمیستە، کێشەی کورد لەگەڵ رۆژهەڵاتناسی و کوردناسی، کێشەیەکی سیاسییە، ''چونکە هاتنی رۆژهەڵاتناس و کوردناسەکان بۆ ئەم ناوچەیە، بە ئامانجێکی سیاسی بووە و تاوەکو ئێستاش ئەم ئامانجە هەر بە سیاسی ماوەتەوە".
 
لەبارەی دەستپێکی کوردناسییەوە گوتیشی، ''سەرەتا سیخوڕەکانی بەریتانیا دەستیان پێکردووە، بە ناوی بازرگانەوە هاتن کوردستان بناسن، بەڵام زانیارییان کۆکردووەتەوە.''
 
یەکەم جار لە ساڵی 1514 بەهۆی جەنگی عوسمانییەکان و سەفەوییەکانەوە، کوردستان بووەتە دوو پارچە، دواتر لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، جارێکی دیکە کراوەتە چوار پارچە بەسەر چوار وڵاتی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا دا دابەشکراوە.
 
وەک فەرهاد شاکەلی دەڵێت، ''دابەشبوونی کوردستان بەشێک بووە لە سیاسەتی ئەورووپا و رۆژئاوا. تاوەکو ئێستاش هیچ کەسێک دژی ئەوە نییە کە کوردستان دابەش بکرێت. رۆژئاوا دەستبەرداری ئەو دەوڵەتانە نابێت، کە کوردستانیان داگیر کردووە، دەستبەرداری عێراق، تورکیا، ئێران و سووریا نابێت.''
 
ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ناساندنی کورد، تەنیا رۆڵی دەوڵەتان نییە کە کورد دەبێ پشتی پێ ببەستێت، ''بەڵکو رێگەی دیکەیش هەیە، من گەلانی رۆژئاوا لە حکومەتەکانیان جیا دەکەمەوە. گفتوگۆ لەگەڵ میللەتەکانیان بەرهەمدارتر دەبێت، چونکە زۆربەیان باوەڕیان بە ئازادیی گەلان هەیە.''
 
کورد چۆن لە جیهاندا زیاتر بناسرێت؟
 
مایکڵ لیزنبێرگ، زمانناس و کوردناس پێیوایە، پێویستە کورد بۆ ناساندنی خۆی بە جیهان، گرنگیی زیاتر بە بەرهەمی نووسەر و رۆشنبیرانی خۆی وەک مەحوی، نالی و ئەحمەدی خانی بدات، هەروەها پەرە بە فیلمی کوردی و توێژینەوەی ئەکادیمی لە بواری کوردناسی و رۆژهەڵاتناسییەوە بدرێت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی: لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ و هەموو کوردستان دەکەم

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات و دەڵێت، "بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهاندا، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان".