وەزارەتی خوێندنی باڵا: ئەم ساڵ دەرفەتی خوێندن بۆ سەرجەم دەرچووانی ئامادەیی دەڕەخسێندرێت

25-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، دەرفەتی خوێندن بۆ سەرجەم دەرچووانی پۆلی 12 دەڕەخسێندرێت لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکاندا. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێ، دەرچووانی خوێندنی کوردیی ناوچە دابڕاوەکانیش وەردەگرن.
 
رۆژی پێنجشەممە، بەرپرسێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پلانی وەزیرە کە ئەم ساڵیش هاوشێوەی پێشتر، کورسیی خوێندن بۆ تەواوی دەرچووانی پۆلی 12 ئامادە دەکرێت".
 
ئەم ساڵ لە هەموو بەشەکانی خوێندن، 57 هەزار و 980 قوتابی پۆلی 12یان تەواو کرد. عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کورستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 16 زانکۆی حکومیدا ئەم ساڵ 680 بەش قوتابی وەردەگرن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "پلانی وەزارەتە دەرفەتی خوێندن لەو بەشانەدا بۆ تەواوی قوتابیانی دەرچوو ئامادە بکات، بە جۆرێک هیچ قوتابییەک لە دەرەوەی پلانی خوێندن نییە لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان".
 
عەباس ئەکرەم جەختیکردەوە، "هەموو دەرچووەکان وەردەگیرێن لە بەشی دڵخوازی خۆیان، بەو مەرجەی لە رکابەرییەکانی بەدەستهێنانی نمرە ئەو نمرەیان بەدەستهێنابێت کۆلێژی دڵخوازیان پێویستییەتی".
 
لەبارەی دەرچووانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، عەباس ئەکرەم گوتی: "هەموو دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی کەرکووک، خانەقین، خوورماتوو، شنگال و مەخموور دەرفەتی خوێندنیان بۆ دەڕەخسێت، بەڵام دواتر شێوازی داواکردنی خوێندن بۆ ئەوان دەخەینەڕوو".
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا لە 23-09-2025 سیستمی زانکۆلاینی بۆ وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12 لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان کارا کرد و بۆ ماوەی هەشت کراوە دەبێت.
 
ئەم ساڵ 42 هەزار و 257 دەرچووی بەشى زانستى، 13 هەزار و 826 دەرچووی بەشى وێژەیی، هەزار و 327 دەرچووى ئامادەیی پیشەیی و 570 دەرچووى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان هەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دابەشکردنی نەوتی ماڵان. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

سامانە سرووشتییەکان: 601 هەزار خێزان نەوتیان پێدراوە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 120 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر خەڵکدا دابەشکردووە. بەرپرسێکی نەوت و کانزاکان دەڵێت، ئەوەی دابەشکراوە بۆ ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری پارێزگاکان بووە و قۆناخی دواتر لە سەنتەری پارێزگاکان دابەش دەکرێت.