رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 25 ملیار دینار پارەی جووتیارانی سلێمانی گەیشتووە و هەفتەی داهاتوو دابەش دەکرێت، بەڵام بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە، لەوانەیە لە هەولێر و دهۆک کەمێک دوابکەوێت.
15ی ئەم مانگە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "بڕیارە بەم نزیکانە بڕە پارەیەک وەکو بەشی یەکەمی شایستە داراییەکانی ئەم ساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی."
رۆژی پێنجشەممە، 25ی ئەیلوولی 2025، سەروەر کەمال، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەک قۆناخی یەکەم 25 ملیار دینار پارەی جووتیارانی پارێزگای سلێمانی خراوەتە سەر هەژماری بانکی ناوەندی لە سلێمانی، ئەوانیش بۆ بانکی بابانی دەنێرن و هەفتەی داهاتوو پارەکە دابەش دەکرێت."
بڕیار بوو وەکو قۆناخی یەکەم 20 ملیار دینار بۆ پارێزگای هەولێر و 12 ملیار دیناریش بۆ پارێزگای دهۆک بنێردرێت، بەڵام سەروەر کەمال گوتی: "وەزارەتی بازرگانیی عێراق شایستە داراییەکانی جووتیارانی ئەو دوو پارێزگایە دەخاتە سەر بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) لە هەولێر؛ دەڵێن رۆژانە دەتوانن تەنیا 100 ملیۆن دینار لە رێگەی TBIـیەوە بنێرن؛ ئەمەش کێشە بۆ پڕۆسەکە دروست دەکات و بە مانگ و نیوێکیش تەواو نابێت."
سەروەر کەمال گوتی: "ئێستا لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، تاوەکو بتواندرێت ئەو بڕە پارەیە زیاد بکرێت و رۆژانە لە 100 ملیۆن زیاتر بنێردرێت. دوای چارەسەرکردنی کێشەکە، راستەوخۆ شایستە داراییەکانی ئەو دوو پارێزگایەش دابەش دەکرێت."
ئەم ساڵ پشکی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان 310 ملیار دینارە. بە گوتەی سەروەر کەمال لە قۆناخی یەکەمدا 57 ملیار دینار دەنێردرێت.
ئەم ساڵ لە هەولێر 122 هەزار تۆن گەنم، لە دهۆک نزیکەی 118 هەزار تۆن و لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەش 158 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە، کە حکومەتی عێراق هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ