ئەنجوومەنی شاری کرماشان هەڵوەشایەوە

25-09-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانیان ئەنجوومەنی شارەوانیی کرماشان هەڵوەشایەوە.

رۆژی پێنجشەممە، 25ی ئەیلوولی 2025، سەعید سەلیم ساسانی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری شار و ئەنجوومەنە ئیسلامییەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، کۆبوونەوەیەک بۆ پێداچوونەوە بە دۆخی ئەنجوومەنی شاری کرماشان کرا و بە پشتبەستن بە راپۆرتی قایمقامی ئەو شارە بڕیاری گرنگی تێدا درا.
 
سەعید سەلیم ساسانی گوتی: "بەداخەوە ئەنجوومەنی شارەوانیی کرماشان لەم دواییانەدا نەیتوانیوە ئەرکە یاساییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر بەسەر دەستبەکاربوونی ئەنجوومەنەکە، هێشتا دەستەی بەڕێوەبەری خۆی پێکنەهێناوە؛ پرسێک کە بە کردەوە ئەنجامدانی ئەرکە دیاریکراوەکانی تێکداوە و ناڕەزایی گشتی دروستکردووە."
 
سەعید سەلیم ساسانی ئاشکرای کرد، بە ئامادەبوونی چەندین ئەندامی ئەنجوومەنەکە لە کۆبوونەوەکە و روونکردنەوەکانیان لەو بارەوە، پاش وردبوونەوە لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو پرسە، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە پێویستە ئەنجوومەنی شاری کرماشان  هەڵبوەشێتەوە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کاروباری شار و ئەنجوومەنە ئیسلامییەکانی پارێزگای کرماشان، "کۆنەبوونەوەی پشتگوێخستنی کێشەکانی شارەکە و نەبوونی هاوئاهەنگی لە جێبەجێکردنی ئەرکە یاساییەکان لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومی شاری کرماشان بوون."
 
رۆژی 4-9-2025 حەمیدڕەزا کەریمی، داواکاری گشتیی کرماشان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەکە، قایمقام و نوێنەری هێزە ئەمنییەکانی پارێزگاکە، رەخنەی لە دواخستنی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکێکی نوێی شارەوانی بۆ شاری کرماشان گرت و رایگەیاند، "هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێی سەرۆکایەتی و سەرۆکێکی نوێ بۆ شارەوانیی شارەکە زۆر گرنگە و پێویستە بۆ ئەم مەبەستە بەپەلە رێوشوێن بگیرێتەبەر."
 
21ی حوزەیرانی ئەم ساڵ، نادر نۆروزی، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی کرماشان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد و لە کۆبوونەوەی 27ی تەمموزی ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی شاری کرماشان رەزامەندی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی دەربڕی و لە هەمان کۆبوونەوەدا حەمید ئیعتسامفەر بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری کرماشان بە شێوەیەکی کاتی وەکو سەرپەرشتیاری شارەوانیی شارەکە هەڵبژێردرایەوە.
 
نادر نۆروزی، پاییزی ساڵی 2021 وەکو سەرۆکی شارەوانیی کرماشان هەڵبژێردرابوو.
 
لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، ئەنجوومەنی شاری کرماشان چەندین جار هەوڵیداوە کۆببێتەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن بکرێت و سەرۆکێکی نوێ بۆ شارەوانی هەڵبژێردرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی چوار لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لە کۆبوونەوەکان بەشدار نابن، رێژەی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە تەواو نەبووە.
 
ئەنجوومەنی شاری کرماشان لە 11 ئەندامی سەرەکی پێکدێت و بۆ تەواوبوونی رێژەی یاسایی، پێویستە لانیکەم حەوت ئەندام لە کۆبوونەوە ئامادە بن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.