رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەریدا، نوێنەرانی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و راپرسی، میوانی لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا بوون و بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو.
رۆژی چوارشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2025، لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، 12یەمین کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد.
لە دانیشتنی یەکەمدا، پرۆفیسۆر دکتۆر موراد یەشیلتاش، بەڕێوەبەری توێژینەوەکانی سیاسەتی دەرەوە لە دامەزراوەی سێتا SETA، رایگەیاند، تورکیا نزیکبووەتەوە لە کۆتاییهێنان بە کێشەیەک کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە.
سەبارەت بە پرۆسەکە، یەشیلتاش، گوتی، "ئەم هەنگاوە تەنیا لە رووی ئەمنییەوە گرنگ نییە، بەڵکو لە رووی چەسپاندنی دیموکراسی، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی گشتگیر و پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانییەوە هەنگاوێکی مێژووییە."
یەشیلتاش، ئاماژەی بەوەشکرد، چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تەنیا یەکێکە لە هەنگاوە سەرەتاییەکان و گوتی، "بۆ دامەزراندنی ئاشتییەکی هەمیشەیی، پێویستە بناخەیەکی بەهێزتر و گشتگیرتر دابڕێژرێت.
پەیوەندیی پرۆسەکە بە (رۆژاڤا) سووریاوە
موراد یەشیلتاش، باسی لە چەمکی 'قووڵایی جیۆپۆلیتیکی سیاسەتی دەرەوە' کرد و گوتی، "پەیوەستکردنی تەواوی پرۆسەکە بە سووریاوە، کێشە بۆ بەڕێوەچوونی دروست دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەگەر پرۆسەیەک دابڕێژرێت کە بە تەواوی لە سووریا جیاواز بێت، ئەوا رووبەڕووی ئەنجامێک دەبینەوە کە لە پشتیوانیی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێبەش دەبێت."
یەشیلتاش، ئاماژەی بەوە کرد، دوو مۆدێلی سەرەکی هەن و گوتی، "یەکەمیان؛ راگەیاندنی هەرێمێکی ئۆتۆنۆمیی دیفاکتۆیە. مۆدێلی دووەمیش؛ کە لە رێککەوتنی 8 خاڵی رۆژی 10ی ئادار لەگەڵ حکومەتی ناوەندی واژۆ کراوە، مۆدێلێکی ناوەندگەرایە کە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەپارێزێت و خێراتر سەقامگیری بەدی دەهێنێت."
بە گوتەی یەشیلتاش، "کاتێک هەردوو مۆدێلەکەمان بە وردی شیکردەوە، بۆمان دەرکەوت کە مۆدێلی یەکەم لە هەموو حاڵەتەکاندا شکست دەهێنێت و سەقامگیریی زیاتر ناهێنێت، بەڵکو ئەگەری پێکدادان زیاد دەکات و ناوچەکە وابەستەی دەرەوە دەکات. بەڵام مۆدێلی دووەم سەقامگیریی زیاتر و ئاشتی بەدیدەهێنێت."
قایلکردنی کۆمەڵگەی تورکیا ئەرکێکی گرنگی لیژنەکەیە
مەسعود عەزیزئۆغڵو، سەرۆکی ناوەندی دیجلە بۆ توێژینەوەی کۆمەڵایەتی (DİTAM)، رایگەیاند، "پرسی کورد" چووەتە قۆناخێکی نوێوە کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە و ئەمەش دەرفەت و ناچارییەک دروست دەکات کە هەمووان شتی نوێ لەبارەی پرسی کوردەوە بڵێن.
عەزیزئۆغڵو، جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەرنەکردنی کێشەکە تەنیا زیانی بۆ کورد نەبووە، بەڵکو بۆ هەموو تورکیا بووە و گوتی، "کۆمەڵگە چاوەڕوانیی لە لیژنەکە هەیە. یەکەم؛ دانانی بناخەیەکی یاسایی بۆ پرۆسەکە. دووەم، بەدەستهێنانی رەزامەندیی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی هەستی دادپەروەری. ئەو لایەنەی پێویستە بۆ چارەسەری قەناعەتی پێبکرێت، تورکەکانن و ئەو لایەنەی پێویستی بە هەستکردن بە دادپەروەری هەیە، کوردەکانن."
پێویستە زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندندا بچەسپێت
سێداد یورتاش، جێگری سەرۆکی DİTAM، گوتی، پێویستە ناسنامەی کورد لە دەستووردا دانی پێدابنرێت و زمانی کوردیش لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو زانکۆ، لە میدیا رێگەی پێ بدرێت.
کورد زیاتر تورکیایی دەبێت
رۆژ ئەسیر گیرەسوون، بەڕێوەبەری ناوەندی راوێست بۆ توێژینەوە، رایگەیاند، "روونترین ئەنجامێک کە لە توێژینەوەکانماندا بینیومانە ئەوەیە کە گۆڕانی سۆسیۆلۆژیی کورد، چارەسەرێکی ناچار دەکات."
گیرەسوون، ئاماژەی بەوە کرد، بەهێزترین داتا کە لە توێژینەوەکاندا دۆزیویانەتەوە ئەوەیە کە "کورد هەم زیاتر تورکی دەبێت و هەم زیاتر خاوەندارێتی لە ناسنامەی خۆی دەکات."
بە گوتەی گیرەسوون، ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە تێڕوانینی کوردی بۆ خەباتی چەکداریش گۆڕیوە و گوتی، "لە توێژینەوەکانماندا کە پێش پرۆسەکە کردوومانە، 65%ی کورد بە شێوەیەکی بنەڕەتی دژی بەدەستهێنانی مافن لە رێگەی چەکەوە. تەنیا 15%یان لەگەڵ چەکن."
ئەوەشی خستەڕوو، "پشتیوانیی کۆمەڵگە بۆ پرۆسەکە گەیشتووەتە نزیکەی 70%، بەڵام رێژەی ئەوانەی پێیانوایە پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت و بە ئەنجام دەگات، لە نێوان 40% بۆ 45%دایە."
رێژەی لایەنگرانی خەباتی چەکداری بۆ خوار 10% دابەزیوە
ئیبراهیم رەها روهاڤیئۆغڵو، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی (KSC)، رایگەیاند، گۆڕانکارییەکانی 40-50 ساڵی رابردوو کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەی کوردیش هەبووە و ئەمەش وایکردووە "خەباتی چەکداری" وەک بژاردەیەک بۆ کورد لاواز بێت.
روهاڤیئۆغڵو، گوتی، "ئەمڕۆ، رێژەی لایەنگرانی خەباتی چەکداری بۆ خوار 10% دابەزیوە. بۆیە ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمایەکی سۆسیۆلۆژی دامەزراوە."
روهاڤیئۆغڵو، ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا ناسنامەی کوردی بەهێزتر دەبێت، هەستی سەر بە تورکیاییبوون لاواز نەبووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەرزبووەتەوە و رێژەی ئەو کوردانەی هەست دەکەن سەر بە تورکیان، لە 52%ـەوە بۆ 65% بەرزبووەتەوە.
سەبارەت بە داواکارییەکانی کورد، روهاڤیئۆغڵو، گوتی، "دوو پرس هەن کە دۆخەکە لە ژێر سفرەوە دەهێننەوە بۆ سفر: یەکەم، کشاندنەوەی قەییومەکان و دووەم، ئازادکردنی هەموو زیندانییە سیاسییەکان کە سەلاحەدین دەمیرتاش نوێنەرایەتییان دەکات. لە سفریشەوە بۆ سەرەوە، چاوەڕوانییەکانی کورد بریتین لە پرسی زمانی دایک، بەشداریی سیاسی، نایەکسانی و دانپێدانانی دەستووری."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ