بەڕێوەبەری رێکخراوی کوردی فەیلی بۆ مافی مرۆڤ لە سلێمانی کۆچی دواییکرد

25-10-2020
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن نەزیرە ئیسماعیل کەریم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیتەی کوردی فەیلی لە سلێمانی هەواڵی کۆچی دوایی نەزيره كەريم، بەڕێوەبەری رێکخراوی کوردی فەیلی بۆ مافی مرۆڤ لە سلێمانی رادەگەیێنێت و دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆچی دوایی کردووە.
 
نەزيره كەريم ئیسماعیل شەمایەلی، ژنێکی چالاکبووە لە بواری مافی مرۆڤ و کارکردن بۆ کوردانی فەیلی و ئێوارەی ئەمڕۆ لە سلێمانی گیانی لەدەستداوە. 
 
نەزیرە ئیسماعیل کەریم شەمایەلی فەیلی، لە ساڵی 1953 لە شاری بەغدا لەدایکبووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی جیۆلۆجیدا هەبوو، پسپۆڕی لە بواری زانستی بەردزانیدا هەبوو، بەڕێوەبەری رێخراوێکی کوردی فەیلی تایبەت بە مافی مرۆڤ بوو لە سلێمانی.
 
لە ساڵی 1980 وەکو هەزاران خێزانی کوردی فەیلی، خێزانەکەی نەزیرەش دوای لێسەندنەوەی هەموو موڵک و ماڵیان، بە سەڵتی دەریانکردن بۆ ئێران. ماوەیەکی زۆر بێکار بووە و وەکو هەزاران کوردی ئاوارەی دیکە، رێگریان لێکراوە لە ئێران کار بکەن، چونکە هیچ پێناسێکیان پێ نەبوو.
 
دوای چەندین ساڵ دەبێتە وەرگێڕ لە لە کۆنسوڵخانەی وڵاتی قەتەر لە  تاران. لە ماوەی مانەوەی لە ئێران کە تاوەکو رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003ـی خایاند، چەندین پەرتووکی لە بواری سیاسی و ئابووری وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی و فارسی. 
 
لە دوای رووخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2004 دا، بوو بە ئەندام لە پەیمانگەی عیراقی بۆ ئاشتی، ئەندام لە بەشی جێبەجێکردن لە (IIP)، دواتر ئەندام لە بنکەی رێخراوە دیموکراتەکانی یەکێتی.
 
لە ساڵی 2006 وەکو مامۆستای زانکۆ لە بوارەکەی خۆیدا کاری کردووە، تاوەکو ساڵی 2010، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە بەربژێری لیستی هاوپەیمانی کوردستان بووە، لەلایەن کەسانێکی نادیارەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، بەناچاری بڕیاری داوە لە سلێمانی نیشتەجێ ببێت و لەڕێگەی رێکخراوێکی تایبەت بە کوردە فەیلییەکانەوە هاوکاری ئەو کوردە فەیلیانەی کردووە کە لە کوردستان نیشتەجێ دەبن.
 
چەندین چیرۆک و شیعیری نووسیوە کە تێیدا باسی ئازار و نەهامەتی کوردە فەیلییەکانی کردووە، زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی، فارسی و عەرەبی زانیوە.
 
لە بەرنامەیەکی پەنجەمۆردا، باسی رەوش و ژیانی کوردە فەیلییەکان دەکات، دوای ئەوەی بەزۆر رەوانەی ئێرانیان کردن، هەروەها باسی بەشداریکردنیان لە دادگای تاوانەکانی بەغدا کە تێیدا سەرانی بەعس دادگاییکران و دواتر تاوانی دژی کوردە فەیللییەکان بە جینۆساید ناسرا. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.