هێزێک دەستدەگرن بەسەر ماڵەکانی ئەژی ئەمین لە سلێمانی

25-10-2022
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو - دیجیتاڵ

هێزێکی ئەمنی دەچنە سەر ماڵی ئەژی ئەمین لە نزیک ماڵی دایکی لە سلێمانی و دەستی بەسەردا دەگرن. پەیامنێری رووداویش دەڵێ، بەپێی زانیارییەکان جگە لەو ماڵەی، دەستبەسەر چەند ماڵ و موڵکێکی دیکەیدا گیراوە و هێزی لێ جێگیر کراوە.
 
شەوی رابردوو [دووشەممە 24-10-2022] هێزێکی ئەمنی لە قەیوان ستی لە گەڕەکی راپەڕین چوونەتە سەر ئەو ماڵەی پێشتر ئەژی ئەمینی تێدا ژیاوە و دەرگە و پەنجەرەکانیان شکاندووە.
 
پەیامنێری رووداو لە سلێمانی دەڵێت، بەپێی زانیارییەکان جگە لەو ماڵەی، دەست بەسەر چەند ماڵ و موڵکێکی دیکەی ئەژی ئەمیندا گیراوە و هێزی لێی جێگیرکراوە. 
 
کەسێک لە بنەماڵەکەی ئەژی ئەمین هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و بە رووداوی راگەیاند "ئەو ماڵە دەکەوێتە خانووەکانی قەیوان ستی لە گەڕەکی راپەڕین و بەرامبەر ماڵی دایکی ئەژی ئەمینە، هێزەکە دوێنێ شەو چووەتە سەر ماڵەکە و دەرگە و پەنجەرەکانیان شکاندووە."
 
ئەو کەسە نزیکەی باس لەوە دەکات کە ئەژی ئەمین زیاتر لە شەش مانگە ئەو شوێنەی جێهێشتووە و لەوێ ناژی و دەڵێ "یاسا هەیە و هەرچییەک بێت، دەبێت لە رێگەی یاساوە بێت."
 
چوونی ئەم هێزە لە کاتێکدایە کە چەند رۆژێکە بڕیاری پەسەندکراوی دەرکردنی ئەژی ئەمین لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە واژۆی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوکرایەوە.
 
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە بەپێی زانیارییەکان، دوو برای حاکم والی ئێناخی کە ئەویش بەرپرسێکی دەزگای زانیارییە و لەگەڵ ئەژی ئەمین لە هەولێرە، بە ناوەکانی سۆران و حەمید ماوەی دوو رۆژە لە هەڵەبجە دەستگیرکراون.
 
ئەژی ئەمین، دوای رووداوەکانی 8ی تەممووزی ساڵی رابردووی ناو یەکێتی، کرایە بەرپرسی دەزگای زانیاری ئەو حیزبە و بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڵام دواتر بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی، سلێمانی بەجێهیشت و لە هەولێر دەژی و بە ناونیشانی پۆستەکەوە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کار دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە