رووداو دیجیتاڵ
مانگێک لە وەرزی پاییز تێپەڕی و بارانی ئەوتۆ لە هەرێمی کوردستان نەباریوە. کەشناسێک دەڵێت، پێشبینییەکان بۆ بارانی ئەم ساڵ پێچەوانە بوونەتەوە کە پێشبینی دەکرا بارانی زۆر بباریایە. بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی دەڵێت، جارێ کات ماوە و مەترسی نییە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێریش دەڵێت، هەولێر بە 40 ملیمەتر باران پەڵە دەدات و رەنگە بە بارانێکی باش لە سنوورەکە پەڵە بدات.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم ساڵ هەموو پێشبینییەکان بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر پێچەوانە بوونەوە. پێشبینییەکان بەگوێرەی هەموو نەخشە جیهانییەکان بەو جۆرە بوون، پێش هاتنی مانگی 11 بارانی زۆر باش لە هەرێمی کوردستان ببارێت و تەنانەت مەترسی لافاویش هەبوو، بەڵام هەموو شت گۆڕدرا و هیچ شەپۆلێکی بارانبارینی بەرچاو نەباری".
ئاراس جەبار دەڵێت، پێشبینی دەکرا لە مانگی 10 و سەرەتای مانگی 11دا بارانی زۆر باش لە هەرێمی کوردستان بباریایە و پەڵەی بدایە، بەڵام ئەم مانگە لەسەر نەخشە جیهانییەکان هیچ بارانێکی بەهێز نەماوە و سەرەتای مانگی داهاتووش بەرچاو روونییەک نییە کە بارانی باش ببارێت، لەکاتێکدا ساڵانی ئاسایی دەبێت تاوەکو 6ـی 11 بارانی پەڵە ببارێت.
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەکرد، پێشبینییەکان بۆ ئەمساڵ وەکو ساڵانی 2015 و 2018 وابوون، کە پێشبینی دەکرا بارانی باش ببارێت و بارانی باشیش باری، بەڵام "ئەم ساڵ بەشێوەیەکی نائاسایی هەموو پێشبینییەکان بەتاڵ بوونەتەوە".
"زۆر ساڵ هەبووە باران دواکەتووە بۆ مانگی 11"
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆر ساڵمان هەبووە باران دواکەوتووە بۆ مانگی 11؛ ئاساییە و دەکرێت لە وەرزەکانی زستان و بەهاردا بارانی باش ببارێت".
ئاسۆ کەمال ئاماژەی بەوەکرد، ساڵانە لە 15ـی مانگی 10ـەوە تاوەکو 15ـی مانگی 11 بارانی پەڵە ببارێت بۆ وەرزەکە ئاسایی دەبێت؛ گوتیشی، "گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا خێران و ناتوانرێت پێشبینی وردی مانگەکانی داهاتوو بکرێت".
بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی دەڵێت، بۆ پەڵەدان بەگوێرەی خاکەکە رێژەی باران پێویستە؛ خاکی سەخت و رەق پێویستی بە نزیکەی 80 ملیمەتر باران هەیە، بەڵام خاکیش هەیە 40 بۆ 60 ملیمەتر باران پەڵەی پێدەدات.
"بە بارینی 40 ملیمەتر باران لە هەولێر پەڵە دەدات"
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت، ساڵ هەبووە نێوەڕاستی مانگی 12 تۆو کراوە و بەرهەمیش هەبووە، بەڵام باشترین کات بۆ پەڵەدان و تۆوکردن ساڵانە 15ـی مانگی 10 و رۆژانی دواتری ئەو مانگەیە.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هەرێمی کوردستان بەو جۆرە راهاتووین کە ساڵانە لە 15 ـی 10 بۆ 15ـی 11 پەڵە بدات و زۆر ساڵیش بەو جۆرە بووە، بەڵام لەو کاتەشدا پەڵە نەدات کات ماوە و دەکرێت دانەوێڵەی باشیشمان هەبێت".
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر گوتی، خاکی هەولێر تەنیا بە 40 ملیمەتر باران پەڵە دەدات و دەکرێت بە یەک بارانی باش پەڵە بدات و جووتیاران بتوانن تۆو بکەن؛ گوتیشی، "جارێ بۆ باسکردن لە وشكەساڵی زۆر زووە".
کشتوکاڵی هەڵەبجە: باشترین باران بۆ ئاوی ژێر زەوی بارانی پاییزە
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ پەڵەدان جووتیاران 5ـی مانگی 11یان داناوە، کەواتە دەبێت تاوەکو ئەو کاتە پەڵەی دابێت. زووتر پەڵە بدات باشترە. بەگشتی دواکەوتنی بارانی پەڵە کێشە بۆ جووتیار و بەرهەمەکەی دروست دەکات، مەگەر هەندێک کات پێچەوانە بێتەوە کە بەهارەکەی باراناوی بێت و درێژبێتەوە".
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد، بارانی پاییز "زۆرترین" سوودی بۆ ئاوی ژێرزەوی و تەقینی کانیاوەکان دەبێت، بەو پێیەی زەوی زووتر ئاوی پێدا دەچێتە خوارەوە و وشکە، چونکە کە دەشتودەر سەوز بوو ئەوکاتە زۆرترین باران بۆ گژوگیاکە دەبێت.
ساڵی رابردوو بارانی پەڵە لە هەندێک شار کەوتە رۆژەکانی کۆتایی مانگی 11 و چەند ناوچەیەکیش لە مانگی 12دا بارانی پەڵەیان تێدا باری. بەرهەمی دانەوێڵەی ساڵی رابردووش باش بوو.
بۆ پێگەیشتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان، 400 بۆ 500 ملیمەتر بارانبارینی ساڵانە پێویستە، لە هەندێک ناوچە کەمێک کەمتر و لە هەندێک ناوچەش لەو بڕە زیاتری دەوێت بۆ بەرهەمێکی باش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ